ماردین جەلال: پێویستە ژنانی کوردستان لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە

ماردین جەلال، نووسەر و پارێزەر، بەپێویستی دەزانێت، کە ژنانی چوار پارچەی کوردستان لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە و بزووتنەوەیەکی سەربەخۆ پێکبێنن، پێشیوایە، بەو یەکگرتنە ژنان دەتوانن ڕۆڵیان لە پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکانیش هەبێت و ببنە هۆکارێک بۆ داڕشتنی ستراتیژییەکی هاوبەش بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو.


ماردین جەلال، نووسەر و پارێزەر، سەبارەت بە پێکهێنانی یەکێتیی لەنێوان ژنانی کوردستان و هۆکارەکانی دروستنەبوونی ئەو یەکێتییە بۆ ڕۆژنیوز دوا.

ماردین جەلال، ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، کە پێکهێنانی یەکێتی ژنانی چوار پارچەی کوردستان تەنیا بە بەستنی کۆنفرانس نابێت و ئەوە تەنیا لایەنێکی تەکنیکییە، بەڵکو پێیوایە، پێویستە کار لەسەر خاڵە جەوهەرییەکان بکرێت و بە کردەوە و بە ئیرادە ئەو یەکێتییە پێکبێت.

ماردین جەلال، پێشیوایە، کە گرێدراوی ژنان بە حزبەکانەوە هەوڵدانی حزبەکان بۆ بەڕۆبۆتکردنی ژنان هۆکارێکە بۆ پێکنەهێنانی ئەو یەکێتییە و دەڵێت'ژنی کورد پێویستیان بەوەیە لەژێر چەترێکدا کۆببنەوە و بزوتنەوەیەکی سەربەخۆ دروست بکەن، کە ئامانجی سەرەکیی ڕێکخستنی ژن بێت'، بۆ ئەمەش نمونەی دایکانی باکوری کوردستانی هێنایەوە، یانیش ژنانی ڕۆژئاوای کوردستان، کە ڕۆڵیان لە ئاستی جیهاندا دەنگدانەوەی هەیە.

بە بۆچوونی ئەو نووسەرە، ئەو بزوتنەوەیەی ژنان لە ئاستی چوار پارچەدا ئەگەر دروست بکرێت دەتوانێت پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەکان ڕێکبخات، "چونکە تا ئێستا حزبەکان نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی ستراتیژییەت بۆ کوردستانێکی یەکگرتوو دابڕێژن و بۆی تێبکۆشن، دروستبوونی ئەوەش پێویستی بە ڕۆڵی و کاریگەریی ژنە".

ش.ف