ماوەی مانەوەی لەیلا گوڤەن لە زینداندا درێژکرایەوە

ماوەی ڕاگرتنی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کەجەدە و پەرلەمانتاری جولەمێرگ لە زیندان درێژکرایەوە.


دادگای سزای قورسی ئامەد، کە پێشتر بڕیاری ئازادکردنی لەیلا گوڤەن، هاوسەرۆکی کۆنگرەی جڤاکی دیموکرات- کەجەدە و پەرلەمانتاری هەدەپە-ی دابوو، بڕیارەکەی گۆڕی و ماوەی مانەوەی لە زیندانی درێژکردەوە.

گالیپ ئاکپینار، سەرۆکی دادگای سزای قورسی ئامەد کە بڕیاری ئازادکردنی لەیلا گوڤەنی دابوو، لە دانیشتنی ئەمڕۆی دادگادا ئامادەنەبوو، دەوترێت کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ مۆڵەتی کارنەکردنی وەرگرتووە.

هەروەها مەزەندە دەکرێت، بۆ ئەوەی فشاری لەسەر بووە کە ماوەی مانەوەی لەیلا گوڤەن لە زینداندا درێژبکاتەوە، لە دانیشتنی دادگادا ئامادەنەبووە.

لەیلا گوڤەن بەهۆی هەڵوێست نیشاندان لە دژی هێرشی سەر عەفرین لەلایەن دەوڵەتی تورکەوە، لە ڕۆژی ٢٢ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەستگیرکرا و پاش نۆ ڕۆژ بڕیاری زیندانییکردنی دەرکرا.

لەلیلا گوڤەن لەکاتی دەستگیرکردنییدا هاوسەرۆکی کەجەدە بوو، پاش ئەوەی دەستگیرکرا، ناوی خۆی لەسەر لیستی پارتی دیموکراتی گەلان- (هەدەپە) لە پارێزگای جولەمێرگی باکوری کوردستان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی تورکیا تۆمارکرد، لە ئەنجامی هەڵبژاردنەکەدا وەک یەکێک لە پەرلەمانتارەکانی ئەو پارێزگایە هەڵبژێردرا و دادگا ناچارە بە ئازادکردنی.

 

ش.ف