مردنێکی دیکەی گوماناویی ژن

لە شارۆچکەی کەلار ژنێکی گەنج بە شێوەیەکی گوماناویی خنکا و پۆلیسیش دەڵێت، کە گوایە بەهۆی "دەرنەچوونی لە تاقیکردنەوەکان خۆی خنکاندووە".


شەوی ڕابردوو، لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، ژنێکی گەنج بەناوی کیژان ساڵح، لەدایکبووی ساڵی ۲۰۰۰ بە پەت خنکا.

بەوتەی ڕائید عەلی جەمال قدوری، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، ئەو ژنە گەنجە بەهۆی "دەرنەچوونی لە تاقیکردنەوەکانی خولی دووەمی پۆلی دەیەمی ئامادەیی، بە پەت خۆی هەڵواسیوە و کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە".

هاوکات لەمیعە محەمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە گەرمیان بە ڕۆژنیوزی ڕاگەیاند: بۆ زانینی هۆکاری ڕاستیی خۆ خنکاندنی کچەکە، چووینەتە شوێنی ڕووداوەکە و دەستمان بەلێکوڵینەوە کردووە و پەراویشمان بۆ کردووەتەوە.

دوای توێکاریی بۆ تەرمەکەی، ڕادەستی کەسوکارەکەی کراوەتەوە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٣٩ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل