میرات...پارووە حەرامەکەی ژن لە هەرێمی کوردستان

نەشمیل، ناوێکی خوازراوە بۆ ژنێکی بێ پشت و پەنای ناو یەکێک لە خێزانەکانی سنووری هەولێر، پاش مردنی باوکی و شووکردنەوەی دایکی، ویستی لە ڕێگەی وەرگرتنی بەشە میراتەکەیەوە ژیانێکی ئارامتر بۆ خۆی دەستەبەر بکات دوور بێت لە منەت و دەست پانکردنەوە لە زڕ براکانی، بەڵام لەبری وەرگرتنی ئەو مافە، نەشمیل قوربانی دوو فیشەک کراو بۆ هەمیشە لەپاڵ ئەو ژنانەدا بە بێدەنگ نێژرا، کە لەژێر ناوی کێشەی کۆمەڵایەتییەوە کۆمەڵگا بێدەنگییان لێدەکات.


ئەم تاوانە بەر لە دوو ساڵ لە هەولێر ڕوویداوە، خەمساردی لایەنە پەیوەندیدارەکان بە ئاشکرا بە کەیسەکەوە دیارە، نەشمـیل چەند جارێک هانا بۆ دادگاو پۆلیس دەبات و سکاڵا تۆمار دەکات، کە لەسەر داواکردنی مافی ڕەوای خۆی، بە فیشەک بریندار کراوە و هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بەڵام هێزی زڕ براکان لەسەروو یاساوە دەبێت و بۆ ساتێکیش کەسیان لەسەر بریندارکردنی نەشمیل دەستگیر ناکرێن، ئەمەش نەشمیل نائومێد دەکات لە وەرگرتنەوەی مافەکەی بە یاسا و سکاڵاکەی لەژێر گوشار و هەڕەشەی بەردەوامی زڕ براکاندا دەکشێنێتەوە و ڕازی دەکرێت کە لەدەرەوەی یاسا مافەکەی وەربگرێتەوە، بەڵام دواجار هەر دەکوژرێت.

قوربانیانی میرات لە باشوری کوردستان زۆرن، بەڵام پەردە پۆش دەکرێن، هەرچەندە مافی وەک یەکی میرات بۆ ژن و پیاو لەڕووی یاساییەوە دیاریکراوە، بەڵام زۆرجار داواکردنی ئەم مافە بە ڕووداوێکی دڵتەزێن و تراژیدی کۆتایی دێت و دواجار ئەوەی حوکم بەم مافە سروشتیەی خوشکەوە دەکات، براکانە.

بەهرە حەمەڕەش، ڕۆژنامەنووس کە لەنزیکەوە ئاگاداری کەیسەکەی نەشمیل بووە و چەند جارێک چاوپێکەوتنی لەگەڵدا ئەنجامداوە، دەڵێت، نەشمیل لەسەر شتێک کوژرا، کە ئەو هیچ گوناهی تێدا نەبوو، "تەمەنی حەوت مانگ دەبێت کاتێک باوکی لە شەڕی ناوخۆدا شەهید دەبێت، خاوەنی چەند زڕ برایەک بووە لە هاوسەرە یەکەمەکەی باوکی، بەڵام هەمیشە وەک بێگانە مامەڵەی لەگەڵدا کراوە و لە هەموو مافەکانی بێبەشکراوە، تەنانەت کۆبۆنی مانگانەی خۆراکیشی لێ سەندرابویەوە"، بەهرە وای بە ڕۆژنیوز وت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە دەڵێت، براکان دەیانویست تۆڵەی ژنهێنانی دووەمی باوکیان لە نەشمیل بکەنەوە، ئەو خەتایەی باوکیان کردوویەتی، نەشمیل باجەکەی بدات، هەربۆیە بەردەوام داوایان لێدەکرد واز لە بەشە میراتەکەی خۆی بهێنێت، بەڵام دواجار دەستێکی ڕەش ئەوی بۆ هەمیشە بێدەنگ کرد و بکوژەکانیش بە ئازادی لەسەر شەقام دەسوڕێنەوە.

یاسای دابەشکردنی میرات لە هەرێمی کوردستان لەیاسای عێراقی ساڵی ١٩٥٩وە وەرگیراوە و  لە یاسای ژمارە ١٥ی ساڵی ٢٠٠٨ -یاسای باری كەسێتی هەرێمی کوردستاندا هەموارکراوەتەوە، تیایدا جگە لە زەوی کشتوکاڵیی شار، مافی میراتی بۆ کچ و کوڕ وەک یەک دیاریی کردووە.

سۆران گەڵاڵی، شارەزای دادوەریی، دەربارەی یاسای باری کەسێتی عێراقی دەڵێت، بەپێی شەریعەت وەرگیراوە و کچ و کوڕ لە چەند مافێکدا وەک یەک نین و کوڕ دوو ئەوەندەی کچ میراتی خێزان دەبات، کە تایبەتە زەوی کشتوکاڵیی ناوشار، بەڵام بۆ میراتی گوند، وەک یەک بەشیان دەکەوێت.

گەڵاڵی لەمبارەیەوە زیاتر بۆ ڕۆژنیوز دوا و وتی: هۆکاری یەکسان نەبوونی خوشک و برا لە زەوی و زاری کشتوکاڵی شار و یەکسان بوونیان لە زەوی و زاری گوندا بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە منداڵەکان لە گوند وەک یەک ڕەنجیان کێشاوە، بەڵام لە شاردا ئەمە جیاوازە و زیاتر پیاو ئەرکی کێشاوە.

هەروەها وتی: یاسا بەمجۆرە هۆکاری جیاوازی ئەو مافەی نێوان خوشک و برای کردووە ئەویش ئەوەیە کاتێک کچ هاوسەرگیریی دەکات و دەچێتە ماڵی خۆی، کەمتر بەرپرسیارییەتی بەخێوکردنی خێزانەکەی لە ئەستۆدایە.

پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠١٥دا یاسای باری کەسیەتی هەموار کردووەتەوە، بەڵام لە چەند بڕگە و مادەیەکی ناو یاساکە کە تایبەتە بە دابەشکردنی میرات، پێویستی بە هەموارو پێداچوونەوە هەیە، کە بەوتەی ئەو شارەزایەی یاسا، ژن زەرەرمەندە تیایدا.

لە عێراق و هەرێمی کوردستانیش دادگا تەنیا بە یاسا ناکات، بەڵکو کار بە شەرعی ئیسلامیش دەکەن لەژێر ناوی 'قەسام شەرعی' دابەشکاریی شەرعیی، بەجۆرێک یاسای باری کەسیی کار بە دابەشکاریی شەرعی دەکات و دادگای بەراییش کار بە یاسا دەکات، بەپێی دابەشکاریی شەرعییش پیاو دوو هێندەی ژن بەشە میراتیی دەبات.

بەهۆی دەستوەردانی بنەماڵە و باڵادەستبوونی پیاو لەناو خێزان و کۆمەڵگەی کوردییدا، هەروەها هۆشیارنەبوونی ژنان لە یاساکان، زۆربەی جار بۆ دابەشکردنی میرات ڕوو لە دادگای باری کەسیی دەکرێت و بەپێی شەرع میرات دابەش دەکرێت.

بەشێک لەو ژنانەی کە نایانەوێت دەستبەرداری مافی میراتی خۆیان بن، پەنا بۆ ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و ژنان دەبەن تا لەڕێگەی ئەوانەوە کارێکی بۆ بکرێت لە دادگاکان و ڕێنموونیی بکرێن لەهەنگاوە یاساییەکانی.

بەشە میراتی ژن تەنها لەلای باوک نییە، بەڵکو لەلای هاوسەریش مافی هەیە، لە دابەشکاریی شەرعی پشكی ( ژن ـ هاوسەر) چوار یەكە ئەگەر منداڵی میراتگری نەبێت و یەك لەسەر هەشتە ئەگەر منداڵی میراتگری هەبێت، بەڵام پشکی ژن لە دابەشکاریی یاسایی یەك لەسەر چوارە ئەگەر منداڵی میراتگری هەبێت و یەك لەسەر دووە (نیوەی بەشە میرات) ئەگەر منداڵی میراتگری نەبێت.

هەرچەندە بەپێی یاساش جیاوازیی لەنێوان ژن و پیاودا کراوە و پیاوان زیاتر وەردەگرن، بەڵام چەندین چیرۆکیش هەیە لە هەرێمی کوردستان کە ژن دوای مردنی هاوسەرەکەی، لەلایەن منداڵەکانی خۆی یان هاوسەرە کۆچکردووەکەیەوە لە هەموو مافێک بێبەشکراوە و یاساش دەسەڵاتی ئەوەی نەبووە هیچ مافێکی بۆ بگەڕێنێتەوە، ژنانیش بەهۆی بێ پشت و پەنایی خێزانەوە زۆرجار لەبەرامبەر ئەمەدا بێدەنگی هەڵدەبژێرن یان ڕووبەڕووی هەڕەشەو کوشتن دەبنەوە، ژمارەی ئەو ژنانەش کە بەیاسا مافەکانیان گەڕاندووتەوە لە پەنجەکانی دەست تێناپەڕن.

ش.ف