مێرکڵ: ناتوانین دۆخی ئێستا دژی کوردەکان قبوڵ بکەین

ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک کۆماری فەرەنسا، ڕایگەیاند: ناتوانین دۆخی ئێستا دژی کوردەکان قبوڵ بکەین، ماکرۆن-یش دەڵێت: داوامان کردووە هیرشەکان ڕابگیرێن.


شەوی ڕابردوو ئەنگێلا مێرکل، ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا، لەگەڵ ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا لەسەر هێرشەکانی دەوڵەتی تورک بۆسەر ڕۆژئاوای کوردستان لە پاریس کۆبوونەوە و دواتریش کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیان سازکرد.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەدا ماکرۆن، وتی: هێرشی تورکیا بۆسەر سوریا، نیگەرانی سەرەکی ئەم ڕۆژانەمانە، لە چەند کاتژمێری ڕابردوو من و مێرکڵ لەگەڵ ترامپ و ئەردۆغان قسەمان کرد، پەیامی ڕوون و داواکاری هاوبەشمان کۆتاییهێنان بەو هێرشانەیە.

ماکرۆن هەروەها وتی: ئەم هێرشە لە لایەکەوە دۆخێکی ناسەقامگیری مرۆڤانە دەخوڵقێنێت کە ئێستا دەیبینین، لە لایەکی دیکەشەوە مەترسییەکانی سەرهەڵدانەوەی دووبارەی داعش لەناوچەکە بەهێز دەکات، لەم دۆخەدا ئێمە و ئەڵمانیا هاوئاهەنگی دەکەین، هەروەک تورکیامان لە بڕیارەکەمان بۆ کۆتاییهێنان بە فرۆشتنی چەک بۆ ئەو وڵاتە ئاگادار کردووەتەوە، لەسەر ئەو کارانەی پێویستە لە کاتژمێر و ڕۆژەکانی داهاتوو بکەین، (ئێمە و ئەڵمانیا) پێکەوە کار دەکەین.

ئەنگێلا مێرکڵ، ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا-ش وتی: نزیکەی یەک کاتژمێر لەگەڵ ئەردۆغان قسەم کرد، ئێمە نیگەرانییەکانی تورکیا لەبەرچاو دەگرین، بەڵام بە هۆکاری مرۆڤدۆستانەش پێویستە پێش لە هێرشەکانی تورکیا بگرین، هیچکام لە ئێمە ناتوانین دۆخی ئێستا دژی کوردەکان قبوڵ بکەین، پێویستە ڕێگەچارەیەکی دیکە بدۆزینەوە.

دوای ئەوەش ماکرۆن ڕایگەیاند: بۆ تاووتوێکردنی ئەو شەڕە خوێناوییە لە باکوری سوریا، سەرۆک وەزیران، وەزیرانی "ناوخۆ، دەرەوە، بەرگری و داد"م بانگهێشتی "ئەنجومەنی بەرگری" کردووە.

ک.س