مێژوو هەڵگری ناسنامە و تێکۆشانی لەیلا شۆڕشگێڕەکانە

ئەمڕۆ ساڵیادی لە سێدارەدانی لەیلا قاسم-ە، دوای ٤٥ ساڵ ئەوەی دەگوزەرێت، هێشتا مێژوو هەڵگری ناسنامە و تێکۆشانی لەیلا شۆڕشگێڕەکانە، خەباتی لەیلاکان، کە لە لەیلا قاسم-ەوە تا لەیلا والی لە باشوور و لەیلا خالیدی فەلەستین و لەیلا گۆڤەنی باکوور درێژ بووەتەوە هێشتا بەردەوامە.


لەیلا قاسم و چوار لە هاوڕێکانی، لە بەرەبەیانی ٥/١٢/ ١٩٧٤ لە بەغدا لە لایەن ڕژێمی بەعسی عێراق-ەوە لە سێدارەدران، ئەمڕۆ ٤٥ ساڵ بەسەر ئەو ڕۆژەدا تێدەپەرێت ڕۆژنیوز گوزەرێکی خێرا بەسەر ژیانی لەیلا قاسم و درێژەدان بە خەباتی ئەو ژنە تێکۆشەری کورددا دەکات.

لەیلا قاسم، ژنە تێکۆشەری کورد، ساڵی ١٩٥٢ لە گوندی بامیلی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێکی نیشتمان پەروەر لە دایکبووە، سێ برا و یەک خوشکی هەبووە، بە هۆی خانەنشین بوونی باوکی، لە ساڵی ١٩٧١ لە خانەقین-ەوە ماڵیان دەگوازنەوە بۆ بەغدا و قۆناغەکانی سەرەتایی و دواناوەندی هەر لەو شارە تەواو کردووە و دواتر لە ساڵی ١٩٧١دا لە بەشی کۆمەڵناسی کۆلێژی ئادابی زانکۆ وەرگیراوە.

لەیلا قاسم بەهۆی زوڵم و زۆری ئەوکاتە، ھەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ بزووتنەوە و ڕێکخستنەکانی نەتەوەکەیدا پەیداکرد، ساڵی ١٩٧٠ لە ڕێگای برا گەورەکەیەوە لەگەڵ بزوتنەوەی سیاسی نەتەوەکەی ئاشنا دەبێت و لەنێو ڕیزەکانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خەبات و تێکۆشانی کردووە، توانی ئەو قسەوباسانەی کە ژن ناتوانێت تێکۆشان بکات ڕەتبکاتەوە و بیسەلمێنێت ئەوە زهنیەتی کۆمەڵگایە ئەو بیرەی دروستکردووە، ئەگەرنا ئیرادە هەبێت هیچ شتێک مەحاڵ نییە، لەیلا قاسم، دواتر لەگەڵ جەواد ھەمەوەندی کە خۆشەوستی بووە، پێکەوە خەبات و چالاکییان لەنێو ڕیزەکانی پێشمەرگە کردووە.

لە ڕۆژی ٢٨ی نیسانی ١٩٧٤دا لەیلا قاسم و چوار لە ھاوڕێکانی بە ناوەکانی (جەواد ھەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران)، لە ئەنجامی ھەڵمەتێکی بەرفراوانی ھێزەکانی ئاسایش و سەربازی ڕژێم لە بەغدا دەستگیرکران، هاوکات لە چوارچێوەی دەستگیرکردنیان ڕۆژنامەی الصورە-ی زمانحاڵی ڕژێمی بەعسی دەسەڵاتدار، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراق، لەیلا قاسم و ھاوڕێکانی وەک تێکدەر و گێرەشێوێن و تیرۆریست ناوبرد، لەگەڵ ئەوەشدا سەرەڕای ئازار و ئەشکەنجەی زۆر، نەیانتوانی هیچ دانپێدانانێکیان لێوەربگرن.

لەیلا قاسم، ژنێکی تێکۆشەر و ئازا بوو و لە کاتی ئەشکەنجەدان و لێپرسینەوە لەگەڵی لەلایەن دەزگای ھەواڵگری بەعس-ەوە بە ئازایەتییەوە، پێی ڕاگەیاندبوون کە "بە کوشتنی من ھەزاران کورد لە خەوی نەزانی وشیاردەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ و سەربەرزم کە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری کوردستاندا دەکەم".

ڕژێمی بەعس، بۆ چاوترساندنی گەلی کورد و گەنجان بە تایبەت، لە دوای دادگایەکی نادادپەروەرانە، بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ لە یلا قاسم و هاوڕێکانی دەرکرد کە ھێشتا دوو ھەفتە بەسەر دەستگیرکردنیان تێنەپەڕیبوو، بۆیە کاتژمێر ٧ی سەرلە بەیانی ڕۆژی ١٢ی گوڵانی ١٩٧٤ لەیلا قاسم و ھەر چوار ھاوڕێکەی لەسێدارەدران.

هەروەها سەلامی برای لەیلا قاسم، ماوەیەک لە دوای لەسێدارەدانی خوشکەکەی لە بەغدا بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی وێنەی لەیلای خوشکی، لە لایەن بەعسییەکانەوە کوژرا.

ڕۆژێک بەرلەوەی لەیلا لە سێدارە بدرێت ڕژێمی بەعس لەو سەردەمەدا ڕێگە دەدات بە دایک و خوشکەکەی چاویان پێی بکەوێت لە سەردانەکەشدا لەیلا بە خوشکەکەی دەڵێت: مقەست و دەستە جلە کوردییە تازەکانمت بیرنەچێت، خوشکەکەی بە سەرسوڕمانەوە دەڵێت: لەیلا مقەستت بۆچییە؟ لەیلاش دەڵێت: بەشێک لە قژەکەم ببڕن و بە کێلی قەبرەکەمەوە هەڵیبواسن و با ئەوکاتەی کوردستان ئازاد بوو قژەکەم بە هەوای ئازادی کوردستان بشنێتەوە ڕوحم ئاسودە دەبێت جلە کوردییەکانیشم بۆ ئەو ڕۆژانەیە لە بەری بکەم کە دەبمە بوکی کوردستان لەگەڵ جەواداد لەسێدارە دەدرێم.

فەوزییە ملێ، چیرۆکنووس و یەکێک لەو کەسانەی کە لە بەشێک لە نووسینەکانیدا باسی لەیلا قاسمی کردووە و لەو بارەیەوە وتی: چیرۆکی لەیلاکان بریتین لە بەرخۆدان و خەبات و گیان فیداکردن بۆ خاکی کوردستان، لەیلا گۆڤەنیش لە ئێستادا کە مانی لە خواردن گرتووە لە پێناو ئازادی عەبدوڵا ئۆجالان و جارێکی دیکە درێژەپێدەری خەباتەکەی لەیلا قاسمە، خۆشەویستی دایکانەی لەیلا گوڤەن و خۆشەویستی لەیلا قاسم و خۆشەویستەکەی و عەشقی نیشتمان، ئاوێتەی یەکدی بوون و بەشێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین ژن بونەوەرێکە، سینەی ئاسمان کەمە بۆ خۆشەویستی و ئیرادەکەی.

دوای لە سێدارەدانی لەیلا قاسم لە سەرتاپای کوردستان ھەزاران منداڵی کورد بە ناوی لەیلاوە ناونران، لەیلا قاسم بوو بە چیرۆک و داستان و ھەڵبەستی شاعیرانی گەورەی کوردی وەک جگەرخوێن و هێمن و زۆر شاعیری دیکە، هاوکات لەیلا والی و لەیلا گوڤەن بوونە درێژەپێدەری ئەو تێکۆشانە و ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرفراوانتردەبێت.

ئەمەش نموونەی شیعرێکی هێمنی شاعیرە کە لە پیاهەڵدانێکیدا بۆ لەیلا دەڵێت:

کە تۆ تۆرای لە چاوم وەک خەوی من       لە بسکت ڕەشترە مانگەشەوی من

بڕۆ مەجنوون بە لەیلای خۆت مەنازە       کە ناوبانگی پتر دەرکرد ئەوی من

بزەی ھاتێ، وتی جەلادی خوێری!        بە کەیفی خۆت پەتت باوێژە ئەستۆم

ئەوە پەت نیە میدالی ئیفتخارە              کە بوومە قارەمانی میللەتی خۆم

ک.س