"مەستوورەی ئەردەڵانی ڕەمزی یەکێتیی نێوان ڕۆژهەڵات و باشورە"

لە پانێڵێکدا یادێک لە ژنە نووسەری کورد مەستوورەی ئەردەڵانی کرایەوە و تیشکخرایە سەر لێهاتوویی و ئازایەتییەکانی لە بواری نووسین و شیعردا، لەو پانێڵەدا مەستوورە وەک ڕەمزی بەرجەستەی یەکێتی نێوان ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستان ناوبرا.


ئێوارەی ئەمڕۆ لە مەڵبەندی ڕۆشنبیری زانکۆی سلێمانی لە شاری سلێمانی، ئەنیستتویتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە بەهاوبەشیی کۆلێژی زانستە مرۆڤایەتییەکانی زانکۆی سلێمانی، پانێڵێکی زانستیی بەناونیشانی (مەستوورەی ئەردەڵان، یەکەمین ژنە نووسەری کورد) بۆ ژمارەیەک مامۆستای زانکۆ ڕێکخست.

پانێڵەکە، بە خولەکێک وەستان بۆ ڕێزگرتن لە خوێنی شەهیدان دەستیپێکرد و سەرەتا پڕۆفیسۆر دکتۆر ئارام عەلی لەسەر ژیانی مەستوورەی ئەردەڵان وتی: هەتا کۆتایی سەدەی ١٩یەمیش ژنێک نەبووە مێژوونووس بێت، بەڵام مەستوورە ئەوەی شکاند، ئەو بە تەنیا ڕەمزی ژنێک نییە، بەڵکو ڕەمزی بەرجەستەبوونی یەکێتی ڕۆژهەڵات و باشوری کوردستانە.

هەروەها پڕۆفیسۆر دکتۆرە مهاباد کامیل، باسی لە شیعر و بەرهەمە هونەرییەکانی مەستوورە کرد و وتی: مەستوورەخان لە بواری زمان و شیعردا توانایەکی لێهاتوویانەی هەبووە و توانیویەتی ڕێچکەشکێن بێت، یەکەمین ژنە کە توانیویەتی لە بواری مێژوودا بنووسێت و کتێبی هەبێت.

بەوتەی دکتۆرە مهاباد، مەستوورە بەهۆی لێهاتووییەوە کەوتووەتە بەر تیغی زۆر کەس، بە نموونە نالی شاعیر، لە بەرامبەریشیدا لەلای زۆرێک لە شاعیران وەسفی ئەو ژنە نووسەرە کراوە.

ئەوەی کە جێی سەرنج بوو، پشکۆ دکتۆر حەمەڕەشید لە پانێڵەکەدا، لێهاتووی مەستوورەی پشتگوێخست و باوکی کردە فاکتەری سەرەکی پێشکەوتنی مەستوورە، هەروەها هاوسەرگیریی مەستوورەشی لەگەڵ خەسرەو خان-ی بە هۆکاری دروستبوونی زەمینەیەکی گونجاوتر بۆ مەستوورە لەقەڵمداوە، تا ئەسپی شیعریی خۆی تاو بدات، بەو قسانەشی ڕووبەڕووی ڕوخنەی بەشێکی زۆر لە ئامادەبووان بووەوە.

لە کۆتایی پانێڵەکەشدا دەرگای گفتوگۆ بەڕووی ئامادەبوواندا کرایەوە.

ژنە شاعیر و نووسەر و مێژوونووسی کورد مەستوورەی ئەردەڵان، لەساڵی ١٨٠٤ لە بنەماڵەیەکی هونەردۆست و خوێندەوار لە شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لەدایکبووە، ناوی تەواوی ماھ شەرەف خانم بووە و نازناوی مەستوورە بووە.

مەستوورەی ئەردەڵان خاوەنی چەندین کتێب و بەرهەمی مێژوویی و شعرییە و یەکێکە لە ژنە لێهاتوو و ناودارەکانی مێژووی کورد، لە ساڵی ١٧٤٨دا و لە تەمەنی ٤٤ ساڵیدا لە شاری سلێمانی کۆچی دوایی کردووە و هەر لە سلێمانی بەخاکسپێدراوە.

ب.ل