نامیلکەی ژنۆلۆژی بە کوردیی لەبەردەستی خوێنەردایە

بۆ بڵاوکردنەوەی زانستی ژن و ئاشناکردنی کۆمەڵگا بە بوارەکانی، لە بواری نوسراودا هەنگاوی یەکەم بە نووسین، چاپ کردن و پەخشی کتێبی دەروازەیەک بۆ ژنۆلۆژی و نامیلکەی ژنۆلۆژی دەستیپێکرد.


نامیلکەی ژنۆلۆژی دوای چاپ و بڵاوکردنەوەی بە حەوت زمانی ئینگلیزی، ئیسپانی، فەرەنسی، ئیتالی، هۆڵەندی، ئەلمانی و تورکی لە ئەوروپا،  ئەمجارەیان بە زمانی کوردیی-کرمانجی ناوین-سۆرانی لە باشوری کوردستان چاپ و بڵاو کرایەوە.

نامیلکەکە دەروازەیەک دەکاتەوە بۆ تێگەشتن لە ژنۆلۆژی، ماهیەتی زانست و لە چوار بەش پێکهاتووە.

بەشی یەکەمی بریتیە لە: بۆچی ژنۆلۆژی و زانست چیە؟ زانیاریی و شیکارییەکی ڕەخنەگرانەیە لەسەر زانستە کۆمەڵایەتییەکان، کە گرنگییان بە هەبوونی، ناسنامە و پێگە و مێژووی ژن نەداوە و هەوڵدانێکە بۆ دیدێکی نوێ لە روانگەی ژنۆلۆژییەوە بۆ زانستە کۆمەلایەتیەکان.

بەشی دووەمی لەسەر بنەماکانی ژنۆلۆژییە، بەدەرنیە لە رەخنەیەکی ریشەیی و سومەند لە رەوتەکانی فێمینیزم کە بۆچی نەیانتوانیوە خاوەن ئەلتەرناتیڤ بن لە بەرامبەر سیستەم  و تیشک دەخاتە سەر کاریگەریی ئۆرێنتالیزم-رۆژهەڵاتناسی لەسەر عەقلیەت و پێشنیار دەکات لە پەرەدان بە شیوازێکی ژیانیی جێگرەوە، کە سنووری مۆدێرنیتە تێپەرێنێت.

لە نامیلکەدا ئەوەش فەرامۆشنەکراوە کە شیکردنەوە لەسەر زایەند بکات کە لایەنی زهنیەتی سیستەم دەسەڵاتدارییەوە وەک مەیدانێکی هێز بەکارهێنراوە و پێویستی بەگۆڕانکاری و وەچەرخانی پیاویش دەخاتە ڕوو.

لە نامیلکەکەدا چۆنێتی مامەڵە کردن لەگەڵ مێژوو، چۆن ژنۆلۆژی لە رەوتە فکریە جێگرەوەکان دەروانێت، کاریگەری ژنۆلۆژی لەسەر پێکهاتەی دەزگایی بزوتنەوەکانی ژن، پەیوەندی نێوان ژنۆلۆژی و سیۆسیۆلۆژیای ئازادی روون دەکرێتەوە.

لە بەشی سێیەم-دا باس لە رێبازەکانی ژنۆلۆژی دەکات کە چۆن مامەڵە لەگەڵ سیستەمەکانی مەعریفە دەکات،لە به‌شی چواره‌م-یشدا باس لە بوار و گۆڕه‌پانی کردەییکردنی ژنۆلۆژی دەکات کە ئەتیک-ئەستاتیک ( ئاکار-جوانناسی )، ئابووریی، دیمۆگرافیا – دانیشتوانناسی ، ئەکۆلۆژی- ژینگەناسی، مێژوو، تەندروستی، پەروەردە و سیاسەت. 

نامیلکەی ژنۆلۆژی لە کوێ دەست دەکەوێت؟

لە قۆناغی یەکەم دا نامیلکەی ژنۆلۆژی بە کوردی لە کتێبخانەکانی باشوری کوردستان بە تایبەتی لە چەندین کتێبخانەکانی سلێمانی، جەمال عیرفان  و ئاوات لە شاری سلێمانی، لە کافێی لیسا لە دەربەندیخان، لە بینای گۆڤاری ئازادی کۆمەڵگە لە سلێمانی دەست دەکەوێت.

هەروەها دەکرێت لە باشوری کوردستان ناونیشانی ئەلکترۆنی  [email protected] داوای بکەن

لە ئەوروپا لە سەکۆی کتێب لە پەراوێزی کۆنفرانسی نێونەتەوەیی ژنان لە شاری فرانکفۆرتی ئەلمانیا لە رۆژانی ٦-٧ ئۆکتۆبەر دەستدەکەوێت، لە هەمان کات دا لەڕێی ئەم ئیمێلەوە داوای بکەن:

[email protected] 

هەردوو زمانی عەرەبی و فارسی نامیلکەکەش لە پرۆسەی وەگێران دایە

ش.ف