نوسرەت بەرەنگاری گێچەڵ بووەوە، بەفەرمانی بەڕێوەبەرەکەی سوتێندرا

بە فەرمانی بەڕێوەبەری خوێندنگاکەی، کچێکی خوێندکار لە بەنگلادیش سوتێنرا و گیانی لەدەستدا، هۆکارەکەشی دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی، کچەکە سکاڵای دژی بەڕێوەبەری خوێندنگاکەی کردووە، کە گێچەڵی سێکسی پێکردووە.


توندوتیژییەکانی سەر ژنان لە جیهاندا بەردەوامیی هەیە، لە بەرامبەر هەر توندوتیژییەکدا کە دژی ژنان دەکرێت، سیستمی پیاو سالاریی و دەسەڵاتداریی پیاو لەپشتییەوەیەتی، هەر لەو چوارچێوەیە، نوسرەت جەهان رافی-ی ١٩ ساڵ لە بەنگلادیش سوتێندراوە.

بەپێی هەواڵێکی دەنگی ئەمریکا، سوتان و گیان لەدەستدانی نوسرەت-ی تەمەن ١٩ ساڵ، کە لە هەفتەی ڕابردوودا ڕوویداوە، توڕەیی و ناڕەزایی لە سەرانسەری بەنگلادیشی بەدوای خۆیدا هێناوە، سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتەش بەڵین دەدات، لێپێچینەوە لەگەڵ هەموو ئەوانەدا بکرێت کە دەستیان لە سوتاندنی ئەو خانمە خوێندکارەدا هەبووە.

نوسرەت رافی تەفرەداوە و براوەتە سەربانی خۆێندنگەیەک، کە وانەی ئیسلمیی تێدا خوێندراوە، لەوێدا کۆمەڵیک هێرشبەر داوایان لێکردووە سکاڵای گێچەڵی سێکسی کە دژ بە بەڕێوەبەرەکەی پێشکەش بە پۆلیسی کردووە لێی پاشگەزبێتەوە، بەڵام کاتێک دواکاری هێرشبەرەکان ڕەتدەکاتەوە، ئەودەمە نەوت بە جەستەیدا دەکەن و ئاگری تێبەردەدەن.

محەمەد ئیقبال، کە سەرپەرشتی پرۆسەی لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە دەکات، بە فرانس پرێسی وتووە:"بەڕێوەبەری خوێندنگەکە بە ئەنجامدەرانی تاوانەکەی وتووە فشاری زۆر لە نوسرەت رافی بکەن بۆ ئەوەی سکاڵاکەی لای پۆلیس بکشێنێتەوە، ئەگەر ڕازیش نەبوو، پێی وتوون، کە ئەو کچە خوێندکارە بکوژن".

دەشڵیت:"پێنج کەس لەوانەی دەستگیرکراون، سیانیان هاوپۆلی نوسرەت رافی-ن و سەرەتا خوێندکارەکەیان بەستووەتەوە بەرلەوەی ئاگر لە جەستەی بەربدەن".

س.ح