نوسینگەی ڕژاک لە ڕاپەڕین کرایەوە

نوسینگەی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک لە شارۆچکەی ڕانیەی ناوەندی ئیدارەی ڕاپەرین کرایەوە، ئەوەش بە بۆنەی ۲٥ نۆڤەمبەر ڕۆژی جیهانیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان.


ئەمڕۆ بە بەشداری بەشێک لە ڕێکخراوەکانی ژنان لە سنوری ڕاپەرین، نوسینگەی ڕژاک کرایەوە.

پەرێشان حەسەن، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی ڕێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان-ڕژاک وتەیەکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند: ئامانج لە کردنەوەی ئەم نوسینگەیە، ئەوەیە کە ژنان دەتوانن پەروەردەی خۆیان لەم شوێنەدا ببینن و دەنگ و ڕەنگی خۆیان لەم نوسینگەیەدا ببیننەوە.

وتیشی: ڕێبەر ئاپۆ بۆ هەر توندوتیژییەک لەسەر ژن بەتایبەت بۆ ژنانی شەنگال، کە دەستدرێژیان کراوەتە سەر دەڵێت "شەنگال نییە بەڵکو ئەوە منم لە زینداندا دەستدرێژیم کراوەتە سەر".

ئەوەشی وت: پیاوێکی کلاسیک هەڵوێستی دیارە، بەڵام ڕێبەر ئاپۆ بە بێ بەرژەوەندی، هەتا ئێستاش لە زینداندا ناوەرۆکی هەموو پارێزنامەکانی لەسەر ئازادیی ژنە، بۆیە ئێمە وەکو فکر بۆ چارەسەری هەموو توندوتیژییەکان فکری ڕێبەر ئاپۆ وەکو بنەمای فیکریی دەبینین، نەک تەنها بۆ گەلی کورد و ژنی کورد، بەڵکو بۆ هەموو ژنانی جیهان.

دواتر ژنان بە بەشداریان و سەرنج و تێبینیەکانیان، کە بە گشتی زۆربەیان هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی، کە ژنان پێویستیان بە پەروەردە و خۆڕێکخستن کردن هەیە و هەروەها ئەرکی گرانی وەک پەروەردە و خۆبەرێکخستن کردنیان لە ناو کۆمەڵگادا لەسەر شانە.

ک.ک