نیان کلتوری پایسکل سواریی له‌هه‌ولێریش پێش ده‌خات

وه‌رزشکاری شاری سلێمانی نیان یاسین، پڕۆژه‌ی  پایسکل سوارییه‌که‌یی بردە شاری هەولێر-یش و پێشوازییه‌کی باشی لێده‌کرێت.


نیان یاسین-ی تەمەن ٢٨ ساڵ و پاڵەوانی پێشوویی پایسکل سواریی هەڵبژاردەی عێراق و وڵاتان عەرەبی، هەروەها خاوەن مەدالیای زێڕین، خاوه‌نی پرۆژه‌یی پایسکل سوارییه‌ له‌ هه‌ردوو شاری سلێمانی وهه‌ولێر، وەک خۆی دەڵێت ئامانجی هاندانی ژنان و پیاوانە بۆ وەرزشکردن و دۆستایەتی ژینگە.

نیان ماوه‌ی سێ مانگه‌ لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان لە شاری هەولێر  پرۆژەی پایسكل سواریی به‌ڕێوه‌ ده‌بات، و رۆژانەش ژنان و پیاوانی شارەكە سەردانی ئەو شوێنە دەكەن بۆ  وەرزش كردن و بەسەربردنی كاتێكی ئارام لەنێو پاركەكه‌.‌‌

وه‌کو نیان ده‌ڵێت، ئامانجی سه‌ره‌کی ئه‌و پرۆژه‌ییه‌ پێشخستنی دۆستاییه‌تی ژینگه‌ییه و کلتور و وەرزشی پایسكل سوارییه‌.

نیان سه‌باره‌ت به‌ به‌شداریی کردنی زۆریی ژنان له‌ پڕۆژه‌که‌ی بە رۆژنیوزی وت: دڵخۆشم كە توانیومە بەشێكی زۆر لە ژنان و كچانی شاری هەولێر ئاشنابكەم بە وەرزشی پایسك لسواری، هه‌روه‌ها هەلی كاریش بۆ ژمارەیەك دەرچووی بەشی وه‌رزش لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێمی كوردستان بڕەخسێنم، چونکە وەک ڕاهێنەر لە پرۆژەکەمدا  کاردەکەن بۆ فێرکردنی ئەو کەسانەی، كە نازانن پایسكل لێبخورن.

نیان، لە هەولێر ٦٠ پایسکلی بۆ فێرکردنی فێرخوازان تەرخانکردووە و دەڵێت، کە هۆکاری کەمیی پایسکلەکان بچوکیی پارکەکەیە.

لەبارەی داهاتی پڕۆژه‌که‌ش نیان، وتی: بەشێكی ئەو داهاتە بۆخۆمە، چونكە هیچ كەس و لایەنێك پاڵپشتیم ناكات، هەروەها به‌شێک له‌ داهاته‌کەش بۆمووچه‌یی ئه‌و که‌سانییه‌ که‌ له‌وێ کار ده‌که‌ن، ‌ بەشێكی تریش لەو پارەی دەمینێتەوە لە رێگای كاری خێرخوازیی تەرخاندەكەم بە تایبەتی بۆ ئەو منداڵانەی كە بێ سەرپەرشتن.

 له‌ کۆتایدا ئەوەشی خستەڕوو كە، دەیەوێت له‌ داهاتوودا پرۆژەكانی فراوان بکات له‌ تەواوی  شاره‌کانی هەرێمی کوردستان، له‌ئێستادا ته‌نها له‌ شاری هه‌ولێر و سلێمانی ئه‌م پڕۆژه‌ییه‌ به‌ڕێوه‌ ده‌چێت.

ش.ف