نیگەرانیی لە زیادبوونی توندوتیژیی سەر ژنان نیشان دەدرێت

لقی سۆرانی كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان، نیگەرانیی نیشان دەدات لە زیادبوونی توندوتیژیی دژ بە ژنان و سزانەدانی تاوانباران، داواش لە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات، هەوڵی جدیی بخەنە گەڕ بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژییەکان.


ئەمڕۆ لقی سۆرانی کۆمەڵەی ئافرەتانی کوردستان ڕاگەیەندراوێکی سەبارەت بە زیادکردنی پێشێلکاریی و توندوتیژییەکانی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان و دەڤەری سۆران بەتایبەت، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە:"بەداخەوە ڕایدەگەیەنین خۆسوتاندن و خۆكوشتن و پێشێلكاری بەرامبەر ئافرەتان بەگشتیی لە هەرێمی كوردستان ڕووی لە زیادبوون كردووە، لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوودا لە دەڤەری سۆران زیاتر لە پێنج حاڵەتی خۆسوتان ڕوویداوە و چەندین ئافرەتیش ڕووبەڕووی هەڕەشە و ئەشكەنجەدان بوونەتەوە، جگەلەو حاڵاتانەی كە بەهۆكاری جیاجیا لە بەرێوەبەرایەتیەكاندا تۆمارنەكراون".

ئەوەش هاتووە:"زیادبوونی پێشێلكاریی بەرامبەر بە ئافرەتان لە كاتێكدایە زۆرینەی رٍووداوەكانی خۆسوتاندن و خۆكوشتنی ئافرەتان لە ژێر فشاری كەسوكاریاندابووە".

 لقی سۆرانی كۆمەڵەی ئافرەتانی كوردستان وێڕای نیشاندانی نیگەرانیی لە زیادبوونی توندوتیژیی، دەشڵێت:"هاوكات نیگەرانین لە جێ بە جێ نەكردنی یاساكانی پەیوەست بە توند و تیژی ئافرەتان و بە سزا نەگەیاندنی تاوانباران و چارەسەركردنی كەیسەكانی ئافرەتان لە دەرەوەی یاسا".

کۆمەڵەکە لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەدا، داوا لە پەرلەمانی هەرێمی كوردستان و ئەنجوومەنی باڵای خانمان و تەواوی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەکات، کە هەوڵی جدیی بخەنە گەڕ بە مەبەستی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان و بەدواداچوون بۆ كەیسەكانیان.

 

ش.ف