نەبوونی ماڵی داڵدەدان لە کەرکوک بە هۆکارێکی زیادبوونی توندوتیژیی دەزاندرێت

چالاكوانانی ژنان لە شاری كەركوك نەبوونی ماڵ بۆ داڵدادنی ژنان بە هۆكارێک دەزانن بۆ زیادبوونی توندوتیژی دژ بە ژنان، توێژەرێكی كۆمەڵایەتیش دەڵێت: بەهۆی نەبوونی شوێنێك بۆ پاراستنی ژنان ئەگەر ژنێك هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا بە ئاسانی دەتوانرێت بكوژرێت.


تا ئێستا لە شاری كەركوك ماڵی داڵدەدانی ژنان بوونی نیە، ئەو ژنانەش كە ڕووبەڕووی هەڕەشەی كوشتن و دەستدرێژی دەبنەوە ڕەوانەی شێڵتەرەكانی هەرێمی كوردستان دەكرێن، نەبوونی شێڵتەریش نەك تەنها بۆ ئەو ژنانەی ڕووبەڕووی هەڕەشە و كوشتن دەبنەوە بەڵكو ترسی لای ڕێكخراوەكانیش دروستكردووە چونكە زۆر جار ڕێكخراوەكان ڕووبەڕووی هەڕەشە دەبنەوە بەهۆی داڵدەدانی ژنانەوە.

سرود ئەحمەد، بەپرسی لقی كەركوكی كۆمەڵەی هیوای عێراقی بۆ ڕۆژنیوز وتی: "بەداخەوە لەم شارە ڕۆژ بە ڕۆژ حاڵەتی كوشتن و جیابونەوە و خوكوشتن زیاتر دەكات، هەروەها شێوازی لێدان و ئەشكەنجەی ژنان بەهەمانشێوە ڕوو لە زیاد بوونە، حاڵەتی وەهامان هەیە كە باوك داوای لە كچەی كردووە كە گورچیلەی بفرۆشیت بە زۆر كە كچەكەشی ڕازی نییە، ئەمجۆرە حاڵەتانە هەیە كە دێنە لای ئێمە، ئێمە ناتوانین داڵدەیان بدەین چونكە شوێنمان نیە".

وتیشی "ئێمە زۆر جار لە بەر ئەو حاڵەتانە توشی مەترسی دەبین، چونكە ئەگەر هەیە بە چەكەوە بێنە سەر ناوەندەكەمان بەهۆی ئەوەی شارەكە هەموو چەكدارە، حكومەت و لایەنی ئەمنیش ڕۆڵیان نیە لە پاراستنی ئەو ژنانە، بۆیە ئەگەر ئێمە شێڵتەرمان هەبێت حاڵەتی كوشتن كەم دەبێتەوە وە حاڵاتی جیابونەوەش كەم دەبێتەوە، چونكە شێڵتەر دەتوانێت ئەو ژنانە بپارێزێت كە ڕووبەڕووی توندتیژی و هەڕەشەی كوشتن دەبنەوە، وە لە ڕووی یاسایەوە ئێمە ناتوانین ژنان و كچان داڵدە بدەین، نەبوونی شێڵتەر هۆكارە بۆ زیادبوونی توندوتێژی دژی ژنان، چونكە گەر ژنێك لە لایەن حكومەتەوە بپارێزرێت كەس ناتوانێت بیكوژێت".

چیمەن ئەحمەد، پارێزەر و چالاكوانی ژنان لە كەركوك لەسەر هەمان پرس وتی: "كێشەی هەرە گەورەی ژنان لەمشارە نەبوونی شێڵتەرە بۆ ئەو ژنانەی كە ڕووبەڕووی توندوتیژی دەبنەوە، بۆیە ئەمەش زۆر كێشەیە بەو پێیەی كە حاڵەتی جۆراو جۆرمان بۆ دێت كە ئێمە نازانین چۆن ئەو ژنە بپارێزین وە چۆن مامەڵەی لەگەڵ بكەین، بەهۆی هەبوونی عەقڵیەتی عەشایەری ئێمەش ناتوانین ئەو ژنانە لە خۆ بگرین، بۆیە پێویستە شێڵەتەر لە عێراق كاری بۆ بكرێت لە لایەن وەزارەتی كاروباری كۆمەڵاتیەوە چونكە تاوەكو ئێستا لە عێراق ئەو بابەتە بە یاسایی نەكراوە و لە شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیش شێڵتەر بوونی نیە".

ڕوونیشكردووە "ئەو ژن و كچانەی لە كەركوك هەڕەشەی كوشتنیان لەسەر ڕەوانەی هەرێمی كوردستانیان دەكەین یان هەولێر یان سلێمانی، ئەوان شێلتەریان بە یاسا ڕێكخراوە بەڵام لای ئێمە نا".

هاوکات شۆخان عومەر، توێژەری كۆمەڵاتی و چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی، لەسەر هەمان پرس بۆ ڕۆژنیوز وتی: "هەبوونی شێڵتەر لە كەركوك زۆر زۆر گرنگە كە بەداخەوە لەم شارە ئێمە نیمانە، لەگەڵ ئەوەش زۆر داواكراوە كە هەبێت، ئێمە كێشەی زۆری وەك هەڕەشە و ئیهانە و توندوتیژی دێتە لامان، بۆیە زۆر كات شوێنێك پێویستە بۆ پاراستنی ئەو ژنانەی كە هەڕەشەیان لەسەر، ئەگەر ژنێك هەڕەشەی لەسەر بێت ئەوا بە ئاسانی دەتوانرێت بكوژرێت، بەڵام لە لایەن حكومەتەوە پارێزراو بێت ئەوا ناتوارێت دەست بگات پێی".

دەشڵێت: "زۆر جار بەڵێنمان پێداروە كە شێڵتەر لەم شارە دروست بكرێت، بەڵام نەكرا وە حكومەتیش بەرامبەر ئەو دۆخەی ژنان بەپرسیارە كە ڕۆژانە ڕووبەڕووی كوشتن و توندتویژی و خۆستاندن دەبنەوە".

ک.س