نەوجەوانێک کوژرا و ژنێکیش بریندارکرا

لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ نەوجەوانێک کوژرا و ژنێک-یش بە مەبەستی کوشتن سێ فیشەکی پێوە نرا.


بەگوێرەی سەرچاوەیەکی ئەمنیی لە پۆلیسی چەمچەماڵ،  شەوی ڕابردوو لە شارەدێی ئاغجەلەری سەر بە شارۆچکەی چەمچەماڵ-ی پارێزگای سلێمانی کچێکی خوێندکار تەمەن ١٦ ساڵ بەناوی (سۆنیا عارف)، بە دوو گولـلەی کڵاشینکۆف، کە بەر سنگی کەوتووە کۆتایی بە ژیانی هاتووە.

کەسوکارەکەی، بە پۆلیسیان وتووە، گوایە "خۆی خۆی کوشتووە"، بەڵام  گومان دەکرێت، کە کوژرابێت.

هەر بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، هەر شەوی ڕابردوو، کاتژمێر ١١ بنکەی پۆلیسی شۆڕش ئاگادارکراوەتەوە لە بوونی تەرمی ژنێک بە فڕێدراوی لە لە گوندی نورە-ی سەر بە شارەدێی شۆڕش لە شارۆچکەی چەمچەماڵ.

کاتێک پۆلیس چووەتە شوێنی ڕووداوەکە دەرکەوتووە، کە ژنەکە زیندووە و شوێنەواری سێ فیشەک لەسەر جەستەیەتی.

ڕاشیگەیاند:"ژنە بریندارەکە خەڵکی کەرکوکە و ناوی (دێکان تاریق) لەدایکبووی ساڵی ١٩٩٧-ە".

بەگوێرەی وتەی ژنەکە بۆ پۆلیس"شەوی ڕباردوو لە ماڵی برایەکی بووە  بەناوی (گەرمیان)، دواتر براکەی و مامێکی بەناوی (نەسرەدین) بەمەبەستی کوشتن بردوویانە بۆ ئەو گوندە و سێ فیشەکیان پێوەناوە".

هەر شەوی ڕابردوو بریندارەکە ڕەوانەی نەخۆشخانەی فریاکەوتنی سلێمانی کراوە و پۆلیسی شۆڕش پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆ ڕوووداوەکە کردووەتەوە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٩٠ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

هەروەها، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، لە ماوەی پێنج ماگی یەکەمی ئەمساڵ-دا ٢٢ ژن لە هەرێمی کوردستان کوژراون و ٣٢ ژنی دیکەش خۆیان کوشتو

بەهۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەکە تەنیا ئەو حاڵەتانە تۆمار دەکات، کە لەڕێگەی نووسینگەکانیانەوە دەگەنە دەستیان، ئەو ئامارانەی بڵاویدەکەنەوە کەمترە لە ڕاستیی حاڵەتەکان.

 

ش.ف