نەپەگە بۆ زەردەشت شەنگالی و هەڤاڵانی پەیامێکی بڵاوکردەوە

فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل، هێرشەکەی سەر شەنگالی شەرمەزارکرد و ڕایگەیاند: ئێمە ئامادەین هاوکاریتان بکەین، لە ئێزدخانی پیرۆز لەدژی تیرۆری فاشیزم لەگەڵ ئێوە شان بە شان شەڕ بکەین و گەلەکەمان بپارێزین.


ئەمڕۆ فەرماندەیی بڕیارگەی ناوەندی پاراستنی گەل- نەپەگە، بۆ شەهیدبوونی زەردەشت شەنگالی لە فەرماندەکانی یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگال- یەبەشە و شەڕڤانانی هاوڕێی پەیامێکی سەرەخۆشی بۆ گەلی ئێزدی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هێرشی نامەردانە و ترسنوکانەی دەوڵەتی مشەخۆر و قڕکەری فاشیستی تورک کە لە دوژمنایەتیی لەگەڵ کورد، کوردستان و خەڵکی ئێزدی هیچ سنوورێک ناناسێت، بە توندی شەرمەزار دەکەین، دەستنیشانی دەکەین کە لەگەڵ خەڵکی ئێزدی'ن و لە دڵ و گیانەوە هاوخەمتانین، باوەڕی تەواومان هەیە کە تۆڵەی ئەو ڕۆڵە پێشەنگ و دلێرانەی ئێزدیخان دەکرێتەوە و بیرەوەرییان وەها شایەنیانە دەمینێتەوە.

لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دەوڵەتی فاشیستی ئاکەپە-مەهەپە بەبیانوی ئەوەی پەکەکە لەوێیە، هێرشی شەنگال و خەڵکی ئێزدی دەکات، لە کاتێکدا هەموو کەسێک دەزانێت ئێمە ساڵی ٢٠١٨، دوای تێکدانی پیلانە چەپەڵەکانی دەوڵەتی تورک بە فەرمی و بە کردەوە لە شەنگال کشاینەوە، ئەو هێرشانە بۆ لەناوبردنی دەستکەوتەکان و پێگەی گەلی کوردە، لەدژی ئەو هێرشە تیرۆریستییە نامەردانەی دەوڵەتی تورک، بێدەنگ نەبوونی گەلەکەمان، ڕای گشتی و پشتیوانی و تێکۆشان بۆ هەبوون و ئازادی خەڵکی شەنگال پێوانێکی مرۆییە.

لە بەردەوامی هاتووە: بڕوامان بە فەرماندە و شەڕڤانە هێژاکانی یەبەشە و یەژەشە هەیە کە وەک چۆن لەدژی فاشیزمی داعش تێکۆشانیان کرد لەدژی فاشیزمی ئاکەپە–مەهەپەش کە دووانەی عەقلیەت و هزری داعشە، بەرخۆدان دەکەن و وڵامی پێویست دەدەنەوە، بڕوامان بەوەیە بە ڕوحی مام زەکی و زەردەشتە قاڕەمانە پێشەنگەکانی گەلی ئێزدی، لە شەنگال لەدژی هەرجۆرە هێرشێک بەرخۆدان دەکەن و بە بێگومان سەردەکەون، وەک هەپەگە دووبارەی دەکەینەوە، لەم تێکۆشانە حەق و ڕەوایەدا، تا کۆتایی لەگەڵتان دەبین، ئەگەر پێویست بکات، ئێمە ئامادەین هاوکاریتان بکەین، لە ئێزدخانی پیرۆز، لەدژی تیرۆری فاشیزم لەگەڵ ئێوە شان بە شان شەڕ بکەین و گەلەکەمان بپارێزین.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی نەپەگە هاتووە: لەسەر ئەم بڕوایە بە ڕوحی فەرماندەکانی وەک زەردەشت لەدژی هەر جۆرە هێرشێک، بە بەرخۆدان و شێوە و تاکتیکی ڕاست، خەبات دەکەین و یادی شەهیدەکانمان بە شێوەیەک کە شایەنیان بێت بە داهاتاتوویەکی جوان و ئازاد مسۆگەر دەکەین و هیوای سەرکەوتنێکی گەورەتان بۆ دەخوازین.

س.ح