هادی عامری بۆ چاوشئوغڵو: سەربازەکانتان لە عێراق بکشێننەوە

هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، بە مەولود چاوشئوغڵو-ی، وەزیری دەرەوەی تورکیای وت: هێزە سەربازییەکانتان لە خاکی عێراق بکشێننەوە.


مەولود چاوشئوغڵو بەمەبەستی ئەنجامدانی چەند دیدار لەگەڵ بەرپرسان و سیاسەتمەدارانی عێراقی دوێنێ چووە بەغدا، لە یەکێک لەو دیدارەکانیدا لەگەڵ هادی عامری، سەرۆکی هاوپەیمانی فەتح کۆبووەوە.

چاوشئوغڵو هەروەها لەگەڵ بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، عادل عەبدولمەهدی، سەرک وەزیرانی عێراق و عەمار حەکیم، سەرۆکی ڕەوتی حیکمە کۆبووەوە.

هاوپەیمانی فەتح بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک باسی دیداری چاوشئوغڵو و هادی عامری کردووە و ڕایگەیاندووە: مەولود چاوشئوغڵو و عەمار حەکیم، پرسە هاوبەشەکانی عێراق و تورکیایان هەڵسەنگاند.

لە بەردەوامییشدا ڕاگەیەندراوە، کە لە کۆبوونەوەکەدا باس لەوە کراوە، کە تورکیا دۆستی هەمیشەیی عێراق بووە و پێویستە بەڵێنەکەی جێبەجێ بکات و ئەو ئاوەی لە تورکیاوە گرتوویەتەوە، بەرەو عێراق بکاتەوە.

هەروەها، لە کۆبوونەوەکەدا هادی عامری جەختی کردووەتەو، کە پێویستە تورکیا هێزە سەربازییەکانی لە خاکی عێراق بباتە دەرەوە.

ش.ف