هاوسەرگیریی پێشوەختە تەنگی بە کچانی منداڵ لە یەمەن هەڵچنیوە

هاوسەرگیری پێشوەختە، یان بەشوودانی کچانی منداڵ، دیاردەیەکی نوێ نییە لە یەمەن، لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا دیاردەکە بەشێوەیەکی بەربڵاو پەرەی سەند و لەگەڵ جەنگ کارەساتیان دروستکردووە.


هیند، کچێکی تەمەن ١٢ ساڵی یەمەنییە و خەندەی بەردەوام لەسەر لێویەتی، یەکێکە لە قوربانیانی هاوسەرگیری پێشوەختە و خاوەنی یەکێک لە دەگمەنترین چیرۆکە تراژیدیەکانی ئەو وڵاتەیە.

بەوپێیەی باوکی هیند، لە زیندان دەبێت، دایکی ڕەزامەنییەکی دادگای بۆ وەردەگرێت تا بە کەسێکی تاوانباری بە شوو بدات کە سزای لەسێدارەدانی هەبووە.

هیند، منداڵیکی قۆناغی شەشی بنەڕەتییە و خاوەنی خوشکێکە لە دایکی و چواری دیکە لە باوە ژنەکەی، لە تەمەنی سێ ساڵییەوە باوکی لە زیندانە و لە ناوچەیەکی باشووری ڕۆژئاوای سەنعای پایتەخت دەژین.

لەکاتی سەردانی بۆ لای باوکی لەچەند مانگی ڕابردوودا، هەواڵی هاوسەرگیرییەکەی دەکاتە سوپرایز بۆ باوکی کە لەهەمان ئەو زیندانەیە کە ئەوی تێدایە و سزای لەسێدارەدانی هەیە بە تاوانی بازرگانیکردن و بەکارهێنانی مادەی (حەشیش) هۆشبەر.

باوکی هیند چیرۆکەکەی بۆ کەناڵی دۆیچە ڤێلەی ئەڵمانی "DW"  گێڕاوەتەوە و باسی لەوە کردووە، تا ئێستاش خێزانەکەی لەناو کارەسات و چیرۆکی تراژیدی بەردەوامدا دەژین و باسی لەوە کردووە، خەرجی هاوسەرە سزادراوەکەی کچەکەی لە دادگا دابین کردووە تا پرۆسەکە هەڵوەشێتەوە.

ئەو لەنێو ئەم بگرە بەردەیەی دادگاو زینداندا هێندەیتر نەخۆشی تینی بۆ هێناوە کە پێشتر بەدەستیانەوە گرفتار بووە.

شەڕی ناوخۆی یەمەن قەیرانێکی مرۆیی کارەساتباری بەدوای خۆیداهێناوە، لەگەڵ ئەوەشدا قەیرانێکی ئابووری سەخت بەرۆکی خەڵکی ئەو وڵاتەی گرتووە.

بەپێی ئاماری نەتەوە یەکگرتووەکان، لە ئایاری ٢٠١٩ هاوسەرگیری پێشوەختەو خوار تەمەن ١٨ ساڵ بەراورد بە ساڵی ٢٠١٧ – ٢٠١٨ سێ بەرابەر زیادیکردووە.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان، برسێتی و هەژاری پاڵنەری سەرەکی هاوسەرگیری پێشوەختەن و دایک و باوکەکان لەبەر نەبوونی ناچارن کچەکانیان لە خوار تەمەنی یاساییەوە بە شوو بدەن، لەو چوارچێوەیەشدا دوو حاڵەتی گیانلەدەستدان لەکاتی منداڵبوون تۆمار کراوە، بەوپێیەی تەمەنیان شیاو نەبووە بۆ منداڵبوون و چەندین کچیش باری دەرونییان تێکچووە و توشی توڕەی بونەتەوە بەو پێیەی شکستیانهێناوە لە هاوسەرگیرییەکەیاندا.

ک.س