هاوسەرگیریی پێشوەختە، هۆکارێک بۆ لێکترازانی خێزان

هاوسەرگیریی پێشوەختە، سەرەڕای لێکەوتە خراپەکانی لەسەر جەستە و دەروونی کەسەکە، بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی هەڵوەشانەوی خێزان ناودەبرێت، کۆمەڵناسێکیش دەڵێت: دیاردەیەکی مەترسیدارە و هۆکارە بۆ بەهەدەردانی وزەی کۆمەڵگا و بونیادی خێزانێکی پتەو، بۆیە دەبێت ڕێگریی لێبکرێت.


 لە تەمەنێکی کەمدا بووە بە یەکێک لە دیاردە مەترسیدارەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە تایبەتی کۆمەڵگای کوردی، بە جۆرێک بە پێی بیروڕای توێژەران کۆمەڵگا و خێزانەکان هەڵدەوەشنێتەوە.

تا ئیستا ئامارێکی ڕوون لەبەردەست نییە سەبارەت بە هاوسەرگیریی پێشوەختە، ئەو ئامارانەشی لەلایەن ڕێکخراوەکانەوە دەخرێنەڕوو تایبەتن بە ناوچەیەک و ئاماری گشتیی نین، بەڵام بەگوێرەی وتەی پارێزەران و ڕێکخراوەکانی ژنان، هاوسەرگیریی پێشوەختە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە و لێکهەڵوەشانی خێزانەکانە.

ئەو خێزانانەی، کە کچەکانیان لە تەمەنێکی کەمدا دەخەنە ناو ژیانی هاوسەرییەوە، دوای ئەنجامدانی پرۆسەکە تێدەگەن، کە چ تاوانێکیان بەرامبەر بە منداڵەکەیان کردووە و چۆن دووچاری زەحمەتیی و گیروگرفتی ئەو ژیانە تایبەتەیان کردوون.

ئێمە بۆ وەرگرتنی سەرنجی هاوڵاتیان لەسەر ئەو بابەتە سەردانی شوێنە گشتییەکانی شاری سلێمانی-مان کرد، زۆربوون ئەو کەسانەی، کە پەشیمان بوون لەوەی لە تەمەنێکی کەمدا کچەکانیان بەشوو داوە، بەڵام هەندێک پێیان شەرم بوو لەبەردەم کامێرادا پەشیمانیی خۆیان بهێننە زمان و هەندێکیش دەترسان لەوەی کێشەی کۆمەڵایەتیی زیاتریان بۆ دروست ببێت.

یەکێک لەو کەسانە ژنێکی تەمەن نزیکەی ٥٠ ساڵ بوو، بە داخێکی زۆرەوە باسی ئەوەی کرد، کچەکەی لە تەمەنێکی نەگونجاودا هاوسەرگیریی کردووە، وەک خۆی باسیکرد، "بەهۆی خراپیی باری ئابووریی"یەوە کچەکەی کە هیشتا ئەبوو لەگەڵ هاوڕێکانیدا یاریی بکات، خستووەیەتییە ناو ژیانی پڕ جەنجاڵیی هاوسەرگیرییەوە.

ئەو دایکە، زۆر نیگەرانی ژیانی کچەکەی بوو، ئەگەرچی لەبەردەم کامێرادا قسەی نەدەکرد، بەڵام دیسان دەترسا لە دورستبوونی کێشەی زیاتر و نەیدەویست بە روونی باسی گرفتەکانی کچەکەی بکات "گرفتی زۆرە، لەگەڵ هاوسەکەیدا ناگونجێت، نەدەبوو ڕێگام بەو هاوسەرگیرییە بدایە، خوێندنەکەشی لەکیس چوو".

ڕەمەزان فارس، هاوڵاتییەکی دیکەیە و هەرگیز نایەوێت کوڕەکەی یانیش کچکەی لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیریی بکەن و پێیوایە تاوانێکی گەورەیە خێزانەکان لە تەمەنی بچوکدا منداڵەکانیان بخەنە ناو ئەو ژیانەوە، داواسی لە دایکان و باوکان کرد، هەرگیز ئەو تاوانە بەرامبەر ڕۆڵەکانیان نەکەن.

بەپێی یاسای باری کەسێتی عێراقی ژمارە ١٨٨ی ساڵی ١٩٥٩، دەبێت ئەو کەسەی هاوسەرگیریی دەکات تەمەنی گەشتبێتە ١٨ ساڵ، بەڵام بە ڕەزامەندیی بڕیاردەری خێزان(وەلی ئەمر) و ئەگەر دادوەر لەڕووی جەستەییەوە کەسەکەی بە گونجاو زانی، ئەوا لە تەمەنی ١٥ ساڵییشدا هاوسەرگیریی ڕێگەپێداروە، هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٨ لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەو یاسایە هەموارکرایەوە و تەمەنی ١٦ ساڵیی بۆ هاوسەرگیرییکردن دەستنیشانکرا، بە مەرجی ڕازیی بوونی وەلی ئەمر و گونجاوی تەندروستیی کەسەکە.

ڕێگاپێدان بە هاوسەرگریی لە تەمەنی ١٦ ساڵییدا ڕەخنەی ڕێکخراوکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگای مەدەنیی لەسەرە، بەڵام ئەوەی مەترسیدارترە لەخوار ئەو تەمەنەشەوە مامۆستایانی ئاینیی دوور لە چاوی دادگاکان مارەبڕین ئەنجام دەدەن.

بەهار مونزر، ئەندامی ڕێکخراوی گەشەپێدانی خەڵک (People's Development Organization ) لەوبارەیەوە وتی: حکومەت و پەرلەمان دەبێت کار لەم بوارە بکەن، بە تایبەت لێپێچینەوە لەو کەسانەی کە دوور لە یاسا مارەبڕین ئەنجام دەدەن، هەروەها بە کەمپەینی بەهێز دەتواندرێت دایکان و باوکان هۆشیار بکرێنەوە.

بەهار مونزر، ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە جگە لەو گرفتە خێزانیانەی تووشیان دەبێت، ئەو کچانەی لە تەمەنی کەمدا هاوسەرگیریی دەکەن، توشیی چەندین نەخۆشیی جەستەیی دەبن.

ئەو ئەندامی ڕێکخراوی پی دی ئۆ، ڕاشیگەیاند، کە لەناو ئەو ئاوارانەی، کە دوای شەڕی داعش هاتوونەتە هەرێمی کوردستان هاوسەرگیریی پێشوەختە زۆر زۆرە و بە بیانووی خراپیی باری ئابووریی کچەکانیان دەدەن بە شوو، مارەبڕینیش لای مامۆستایانی ئاینیی ئەنجام دەدەن.

هەروەها، نیاز محەمەد، کۆمەڵناس و مامۆستای زانکۆ، هاوسەرگیریی پیشوەختەی وەک دیاردەیەکی مەترسیدار نابرد و وتی: دەبێتە هۆی بەهەدەردانی وزەی کۆمەڵگا و بونیادی خێزانێکی پتەو، لەسەر ئاستی زانستیی پێشکەوتنی کەم بە خۆیەوە دەبینێت و لە سەر ئاستی کۆمەڵایەتی بۆشایی مەعنەویی دروست دەکات.

نیاز محەمەد، خراپ بەکارهێنانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی بە هۆکارێک بۆ تەشەنەسەندنی ئەو دیاردەیە ناوبرد"سەردەمی تەکنەلۆژیا، کە توانی ئازادییەکی ڕەها بدات بە پەیوەندییکردنمان و کۆنتڕۆڵ نەکردنی جۆری ئەو پەیوەندییە، نازانابوونی دایکان و باوکان، کە لەبری هۆشیارکردنەوەی خۆیان و کارکردن لە سەر منداڵەکانیان، تەکنەلۆژیا وایکرد بەرەو دواوەوە بگەڕێنەوە و منداڵەکانیان بخەنە ژێرئەم بارە قورسە کە ئەویش هاوسەرگیرییە".

ئەو کۆمەڵناسە، هاوسەرگیریی پێشوەختە بە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی جیابوونەوە ئەژمار دەکات و وتی:"هەڵگرتنی بەرپرسیارێتیی لە تەمەنێکی وادا، کە هێشتا کەسەکە نەیتوانیوە کەسایەتی خۆی بناسێت زۆر دژوارە".

نیاز محەمەد، ئاماژەی بە لاوازیی ڕۆڵی ناوەندە پەروەردەییەکان کرد، کە نەیانتوانیوە ئەو کەلێنانەی لەبواری پەروەردەدا لە خێزاندا دروست بووە، ئەوان پڕی بکەنەوە و ئەو بەرپرسیارێتییە هەڵبگرن.

ش.ف