هۆشداریی لە ئەگەری مردنی ٤٨ هەزار ژنی سکپڕی یەمەنی دەدرێت

سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان هۆشداریی دەدات لە ئەگەری گیانلەدەستدانی ٤٨ هەزار ژنی سکپڕی یەمەنی، ئەویش بەهۆی کەمی چاودێریی پزیشکیی و داخستنی نەخۆشخانەکان بەهۆی مەترسیی کۆرۆناوە.


سندوقی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ دانیشتوان داوایکردووە تا کۆتایی ئەمساڵ، ٥٩ ملیۆن دۆلار بۆ دەستەبەرکردنی چاودێریی تەندروستیی بۆ ڕزگارکردنی ژیانی هەزاران ژنی سکپڕی یەمەن تەرخان بکرێت، لە هەمان کاتیشدا ٢٤ ملیۆن دۆلاری زیادە بۆ ڕوبەڕوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا تەرخان بکرێت بەتایبەت بۆ پاڵپشتی کارمەندانی تەندروستیی ژن لە نەخۆشخانەکانی منداڵان.

سندوقی ئاژانسە نەتەوەییەکە ئاشکرایکردووە، نزیکەی نیوەی نەخۆشخانەکانی یەمەن کارناکەن یان بەشێوەیەکی لاوەکی کاردەکەن، هەروەها ٢٠%ی نەخۆشخانەکان خزمەتگوزاریی منداڵبوون پێشکەش دەکەن، ئەوەش بەهۆی کەمی کارمەند و پێداویستی پزیشكیی و کەمی توانای بەگەڕخستنی کەرتی تەندروستیی بەهۆی شەڕی ناوخۆوە، کە بەهۆی ململانێی سیاسییەوە ماوەی پێنج ساڵە بەردەوامە.

بەپێی ئامارەکانی بەردەستی سندوقەکە، بەشێوەیەکی بەرفراوان ڕێژەی حاڵەتەکانی سکپڕی بێ ویست و دەستدرێژیی سێکسیی لەم چەند مانگەی دواییدا زیادیان کردووە، بەجۆرێک لە دوو کاتژمێر جارێکداژنێکی سکپڕی یەمەنی لەکاتی منداڵبووندا دەمرێت، ئەگەری مردنی ژن لە یەمەن بەڕێژەی ١% لە چرکەیەکدا هەیە لەکاتی منداڵبوون یان سکپڕیدا، هەروەها زیاتر لە یەک ملیۆن ژنی سکپڕی یەمەنی لە ئێستادا کێشەی کەمی خۆراکیان هەیە.

هۆشدارییی داوە، کە بەهۆی ئەو دۆخە ناهەموارەوە، ئەگەر گیانلەدەستدانی ٤٨ هەزار ژنی سکپڕ، لەئارادایە.

 

ش.ف