هۆکاری توندوتیژیی بەرامبەر بە ژنان لە زاری هاوڵاتیانەوە

هاوڵاتییان چەند خاڵێک بە هۆکاری بەرزی ڕێژەی توندوتیژیی بەرامبەر ژنان دەستنیشان دەکەن و پێشیانوایە، کە کە ژنان بۆ سەندنی مافەکانیان دەبێت بوێرانە دەنگ بەرزبکەنەوە، هەروەها ئاماژە بە گرنگیی پێکهینانی ئەرکی حکومەت و ڕێکخراوەکان دەکەن لە بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیەدا.


ڕۆژ بە ڕۆژ ڕێژەی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زیاد دەبێت، بەگوێری ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان، تەنیا لە شەش مانگی دەستپێکی ٢٠١٨-دا ٢٠٤ ژن کوژراون و ناچارکراون بە خۆکوشتن، سێ هەزار و ٤٧٠ ژن-یش بەهۆی توندوتیژییەوە سەردانی دەزگا پەیوەندیدارەکانیان کردووە.

ڕۆژنیوز هەوڵیدا هۆکاری زیادبوونی توندوتیژیییەکانی سەر ژنان لە زاری هاوڵاتیانەوە وەربگرێت و بۆ ئەوەش چەند هاوڵاتییەکی شاری سلیمانی دواند.

زاگرۆس مەحمود، یەکێک لەو هاوڵاتییانەیە، فەرمانبەرە، پێیوایە، کە نابێت بۆ سەندنی ماف، ژنان چاوەڕوانی دەستی پیاو بکەن، بەڵکو دەبێت بوێر بن و خۆیان بە کۆیلەی پیاو و کۆمەڵگا نەزانن، باسی لەوەش کرد، کە بێدەنگیی و خۆلاواز نیشاندان هۆکارێکی زۆربوونی توندوتیژییەکانە.

زاگرۆس، ڕەخنەى لە ڕێکخراوەکانى بوارى ژنان گرت و وتی:"بڕوام بەڕێکخراوەکان نییە، چونکە کاتێک ژنێک دەچێتە لایان گەرەنتی ئەوەى نیە بیپارێزن، ئەوانەى لەو ڕێکخراوانە کار دەکەن چەند مووچە خۆرێکن، کار دەکەن بۆ ئەوەى لە داهاتوودا ببنە ئەندام پەرلەمان".

هاوکار هیوا، هاوڵاتییەکی دیکەیە و هۆکارەکە دەگەڕێتەوە بۆ نا هۆشیاریی کۆمەڵگا و نەبونوی پەروەردەی گونجاو و وتی: هەر لە سەرەتاوە، کە منداڵ پەروەردە دەکرێت فێرناکرێت، کە ژن چەندە پیرۆزە.

بە بۆچوونی ئەو هاوڵاتیە، بوونی ئەم هەموو ڕێکخراوەی ژنان دەیتوانی هۆشیاریی کۆمەڵگا بەرزبکاتەوە لە ڕێگەی ئامرازاکانی ڕاگەیاندنەو، هەروەها دەیانتوانی تەقە لە دەرگای ماڵان بدەن و پیاوان هۆشیاربکەنەوە و ژنانیش بە مافەکانی خۆیان ئاشنا بکەن.

هاوکار هیوا، بۆ بنەبڕکردنی ئەو دیاردەیە، بە ئەرکی حکومەتیشی دەزانێت، کە سزای توند بەسەر ئەوکەسانەدا بسەپێنێت کە توندوتیژی بەرامبەر ژنان ئەنجامدەدەن.

دانا ئەحمەد، هاوڵاتیەکی دیکەی شارى سلێمانى بوو، یەکێک لە هۆکارەکانی گەڕاندەوە بۆ هەڵە تێگەیشتن لە ئاینی ئیسلام و باسی لەوە کرد، کە پیاوان بەگوێرەی ویستی خۆیان ئاین بەکاردەهێنن بۆ ئەنجامدانی توندوتیژیی.

دانا، پێیوایە، کە بە تێپەڕبوونی کات توندوتیژییەکان کەم دەبنەوە، نەک لە ماوەیەکی کەم-دا بنەبڕ بکرێت و وتیشی:"وردە وردە تێگەشتنی کۆمەڵگا بەرامبەر بە مافەکانى ژنان فراوان دەبێت، دەبێت هەرکەسیش لای خۆیەوە کاری بۆ بکات و لەخۆیەوە دەست پێبکات".

جێگای ئاماژەیە، بەشێک لە ژنان، لەگەڵ ئەوەی گلەیەکی زۆر لەدڵیاندابوو، بەڵام نەیاندەتوانی لە بەردەم کامێرادا سەبارەت بەم بابەتە قسە بکەن و دەترسان ڕووبەڕوو بوونەوەی کەسوکاریان و دەیانوت "دەرکەوتنمان دەبێتە هۆی ئەوەی توندوتیژیی زیاترمان بەرامبەر بکرێت".

هەروەها، هەندێکی دیکە لە ژنان نائومێدیی باڵی بەسەردا کیشابوون و دەیانوت:"قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە بێسوودە و هیچ ناگۆڕێت، و پێشوتر زۆرقسەکراوە، بەڵام بێ ئەنجام بووە".

ش.ف