هۆکارەکانی کەمیی مامۆستای ژن لە زانکۆ و پەیمانگاکان دەخرێنەڕوو

لە هەرێمی کوردستان ژمارەی ئەو ژنانەی، کە بڕوانامەی ماستەر و دکتۆرا و باڵاتریان هەیە، نیوەی ژمارەی ئەو پیاوانەن، کە هەمان ئەو بڕوانامانەیان هەیە، جیاوازیی ڕەگەزیی و نەبوونی ئابوریی سەربەخۆ-ش بە هۆکاری ئەو جیاوازییە زۆرە ئەژمار دەکرێن.


بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان وەریگرتووە، لە هەرێمی کوردستان لە کۆی ١٢٨ هەزار و ٤٢١ مامۆستا لە قۆناغەکانی بنەڕەتیی و ئامادەیی، ٧٤ هەزار و ٣١١ مامۆستایان ژن و ٥٤ هەزار و ١١٠ یان پیاون، هاوکات بەپێی ئامارێکی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی  لەکۆی ٩ نۆ هەزار و ٢١٠ مامۆستای زانکۆ و پەیمانگاکان ٦ هەزار و ١٣٥ مامۆستای پیاو هەیە، هەروەها ٣ هەزار و ٧٥ مامۆستای ژن هەیە.

ئەگەر بەراوردی نێوان ئەو دوو ئامارە بکەین، دەردەکەوێت ژمارەی مامۆستایانی ژن لە زانکۆ و پەیمانگاکاندا زۆر کەمترە بە بەراورد بە مامۆساتای پیاو، ئەمە لەکاتێکدایە، کە لە قۆناغی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پیشەییەکان ژمارەی مامۆستایانی ژن زۆر لە مامۆستایانی پیاوان زیاترە.

لایەقە محێدین، ماوەی ٣٢ ساڵە لە شاری سلێمانی وانەی کوردیی دەڵێتەوە، یەکێک لە هۆکارەکانی زۆریی مامۆستایانی ژنی لە قۆناغی بنەڕەتیی و ئامادەیی گەڕاندەوە بۆ کەمی کاتی دەوام، کە لە چوار کاتژمێر کەمتر و لە شەش کاتژمێر زیاتر نییە، چونکە وەک ئەو باسیکرد"ژن لەگەڵ ئەرکی خوێندنگا ئەرکی ماڵەوە و بەخێوکردنی منداڵیشی دەکەوێتە سەر شان، بۆیە ژنان پیشەی مامۆستایی بە گونجاو دەزانن".

سەبارەت بە کەمیی مامۆستای ژن-یش لە زانکۆ و پەیمانگاکادا، تەلار عەلی ئەمین، مامۆستای بەشی مێژوو لە زانکۆی سلێمانی، پێیوایە، کە هۆکارەکە کۆمەڵگایە و وتی:"وێنەیەکی کۆمەڵایەتیی بۆ ژن  دانراوە، کە بەخێو کردنی منداڵ و بەڕێوەبەردنی ماڵ لە ژن داوا دەکات، کاتێکێش مامۆستای زانکۆ بێت کارەکەی قرسترە و هەوڵ و ماندووبوونێکی زۆرتری دەوێت".

ئەو مامۆستایەی زانکۆ هۆکارێکی دیکەی دەستنیشان کرد، کە نەبوونی ئابووریی سەربەخۆی ژنانە و وتی: جیاوازیی ڕەگەزیی وایکردووە، کە زۆرینەی خێزانەکان ئامادەن پارە بۆ کوڕەکانیان خەرج بکەن و بیاننێرنە دەرەوەی وڵات بۆ خوێندن، بەڵام ئەمە بۆ کچەکانیان ناکەن و بە کەم تەماشایان دەکەن، هەروەها هەلی کار بۆ پیاو زیاترە وەک لە کچ، پیاو دەتوانێت لە دوای دەوام بە شەوان کار بکات، ئەو دەرفەتە بۆ ژن نییە، کۆمەڵگا ڕێگای پێنادات.

تەلار عەلی، باسی لە هۆکارێکی دیکە کرد، کە ڕێگرە لەوەی ژن ماستەر و دکتۆرا بەدەستبێنێت و وتی:"خێزانەکان ڕێگا نادەن کچەکانیان بچنە وڵاتانی دەرەوە بۆ بەدەستهێنانی بڕوانامە، پێشیان وایە ژنێک خوێندن تەواو بکات و بروانامەیەکی ئاسایی هەبێت، دوای ئەوە ماڵ و مناڵ و هاوسەری هەبێت ئیتر بەسیەتی پێویست ناکات لەوە زیاتر بخوێنێت".

تەلار عەلی، لە کۆتایی لێدوانەکەیدا پەیامێکی ئاڕاستەی ژنانی خوێندکار کرد، کە لەدوای تەواوکردنی زانکۆ کۆڵنەدەن و هەوڵی بەدەستهێنانی بڕوانامەی بەرزتر بدەن، داواشیکرد، کە زووتر دەست بە کارکردن بکەن، بۆئەوەی بتوانن خەرجیی خۆیان بکەن و خۆیان پێبگەیەنن.

ش.ف