هەرێمی كوردستان، سووتانی ژنان زیادی کردووە

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان لە هەرێم، لە پێنج مانگی سەرەتای ئەمساڵدا ٨٩ ژن سوتاون و بەراورد بە ساڵی ڕابردوو ٢٢ حاڵەت زیادیکردووە، هاوکات سکاڵ تۆمارکردنیش لە لایەن ژنانەوە زیادی کردووە.


ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنانیش لە هەرێم دەریدەخات، سوتانی ژنان بە هۆکاری جیاواز و جۆراوجۆر کە یەکێکە لە جۆرەکانی توندوتیژیی بەراورد بە ساڵی ڕابردوولە هەرێمی كوردستان زیادیكردووە.

بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ژنان لە هەرێمی کوردستان، لە پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵدا،٨٩ ژن بە هۆکاری جیاواز "سوتاون"، كە زۆرترینیان لە پارێزگای سلێمانی بوون كە٣٣ ژن بووە، لە هەولێر٢٤ ژن، لە دهۆك١٩ ژن، لە گەرمیان یەک ژن، لەڕاپەڕین٨ ژن و لە سۆرانیش٤ ژنی دیكە سوتاون، ئەوەش لە کاتێکدایە لەهەمان ماوەی ساڵی ڕابردوودا،٦٧ حاڵەتی سوتانی ژنان تۆماركراوە.

بەڕێوبەرایەتییەکە دیاریی ناکات، کە ئاخۆ ئەو سووتانانە چۆن ڕوویداوە، بێ مەبەست و بەهۆی ئاگرکەوتنەوەوە سووتان یاخود لەلایەن کەسانێکەوە سووتاون، بەڵکو دەڵێت "بە هۆکاری جیاواز".

هەر بەپێی ئامارەكانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان لە ماوەی پێنج مانگی ئەمساڵ١٨ ژن كوژراون و ٢٥ ژنیش خۆیان كوشتووە٤٩ ژنیش  خۆیان سوتاندووە ٤٣ ژنیش ڕووبەڕووی دەستدرێژیی جنسیی بوونەتەوە، کە بەراوردی ئاماراکان لە پێنج مانگی یەكەمی ساڵی٢٠١٨و ٢٠١٩ بەمشێوەیەی خوارەوەیە:

حاڵەتەكان               ٢٠١٨          ٢٠١٩بەراورد

سوتان                       ٦٧              ٨٩             ٢٢ حاڵەت زیادیكردوە

خۆسوتان                  ٥٥              ٤٩              ٦حاڵەت كەمی كردوە

كوشتن                        ٢٢              ١٨           ٤ حاڵەت كەمی كردوە

خۆكوشتن                  ٣٢              ٢٥            ٧ حاڵەت كەمی كردوە

سكاڵا                     ٣٧٠٧          ٤٠٧٥        ٣٦٨ سكاڵا زیادی كردوە

جنسیی          ٤٦     ٤٣             ٣حاڵەت كەمی كردوە

لای خۆیەوە ڕەوەند سابیر، بەڕێوەبەری گشتیی ڕاگەیاندن و پەیوەندییەكان لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی دژ بە ژنان لە هەرێمی كوردستان،ڕایگەیاند: ئێمە هیچ كاتێک دڵمان بەو ئامارانە خۆش نییە، چونكە هەر ئامارێك ئەوەمان پێدەڵێت لە كۆمەڵگادا ژنێك دەبێتە قوریانی، بەڵام ئەوەی جێگای دڵخۆشیە ساڵ بە ساڵڕێژەی سكاڵا زیاد دەكات ئەمەش دەرخەری ئەوەیە كەوا كۆمەڵگای كورد و ژنان بە تایبەتی هۆشیار بوونەتەوە لە چۆنیەتی وەرگرتنەوەی مافەكانیان لەڕێگای تۆماركردنی سكاڵا.

وتیشی: ئێمە هەستمان كردووە لەدوای كرانەوەی هێڵی گەرمی١١٩ڕێژەی تۆماكردنی سكاڵا لەلایەن ژنانەوە زیادی كردوە لێرەشەوە داوا لە ژنان دەكەین بۆ ئەوەی پەنانەبەنە بەر خۆكوشتنیان خۆستان، بەڵکو پەنا بۆ بەڕێوەبەرایەتییەكانی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی ببەن بە مەبەستی تۆماركردنی سكاڵا بۆ ئەوەی بتوانین بەڕێگای یاسایی مافەكانیان بۆ بگەڕێنینەوە.

ک.س