هەولێر، بە نێرگز یادی ڕۆژی جیهانی ژنان کرایەوە

گروپی دەنگی ژنان،  بۆ یادی ٨ی ئازار، ڕۆژی جیهانی ژنانی، گوڵی نێرگزی پێشکەش بە ژنانی هەولێر کرد و داوایکرد، کە چیدی ڕێگە بە ئەنجامدانی توندوتیژی نەدرێت بەرامبەر بە ژنان.


ئێوارەی ئەمڕۆ لەناو بازاڕی تەیراوای شاری هەولێر گروپی دەنگی ژنان كە لە ٢٥ ژن پێكهاتوون و ماوەی ساڵێكە دامەزراوە، بە دابەشكردنی گوڵ و شیرینی بەسەرە ژنانی هەولێردا ڕۆژی ٨ی ئازاریان لە ژنان پیرۆزكرد.

سەلوە جەوهەر بە نوێنەرایەتی ئەندامانی گروپی دەنگی ژنان بە ڕۆژنیوزی وت: وەزارەتی تەندروستی ڕێنمای ئەوەی دەكرد كەوا هیچ چالاكییە بەهۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا نابێت ئەنجامبدرێت، ئێمەش پابەندی ئەو ڕینمایانەمان كردووە بۆیە چالاكییەی گەورەتەرمان ئەنجام نەداوە، بەڵام هەرویستمان ئەو ڕۆژە بە بێ دەنگی لەنێو ژنان تێنەپەرێت، بۆیە ئەم چالاکیە بچوکەمان ئەنجامدا.

هەروەها وتی: داوا لە سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین كەوا ڕێگا نەدرێت چیتر توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان ئەنجامبدرێت، ئەوانەی توندوتیژی ئەنجامدەدەن پێویستە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا ئەنجامبدرێت و ڕووبەرووەی دادگا بكرێنەوە.

د.ع