هەولێر، دوای تێکدانی چادرەکەیان ژنان لەبەر سەرما دەمێننەوە

بەهۆی تێکدانی شوێنی مانەوەی مانگرتووانی ئەنجومەنی ژنانی عەشتاری کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، کە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر دەستیان بە مانگرتن کردوە، لەبەر سەرما دەمێننەوە و بارودۆخیان خراپە.


ئەمڕۆ شەش ڕۆژە ژنانی مانگرتوو لە بەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر لە مانگرتن بەردەوامن دژی گۆشەگیرییەکانی سەر ئۆجالان، بەڵام بەهۆی تێکدانی چادرەکەیانەوە لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە، ئەوان شەوان لەبەر سەرما دەمێننەوە، لەو بارەیەوە ژنانی بەشداربووی چالاکییەکە بۆ ڕۆژنیوز دەدوێن.
 
فەزیلا فەرحان، ئەندامی ئەنجومەنی ژنانی عەشتار و یەکێک لە مانگرتووەکان، بە ڕۆژنیوزی وت: دوای هێرشەکەی ئاسایش بۆ سەرمان و تێکدانی خێمەکەمان، ڕەوشی ژیانمان خراپە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی هیچ شوێنێکی مانەوەمان نیە و کەشوهەواش زۆر ساردە.

 وتیشی: تا ئەو کاتەی نەتەوە یەکگرتووەکان وەڵامێکی باشمان پێنەدەن، ئێمە لە مانگرتن بەردەوام دەبین و هەرچی بەرامبەریشمان ئەنجام بدرێت، ئێمە سورین لەسەر مانگرتنەکەمان، کە بۆ هەڵگرتنی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان دەستمانپێکردوە.

هەروەها قیمەت خەلیل، یەکێکی دیکە لە مانگرتووەکان، باسی لەوە کرد: ئێمە ئەمڕۆ شەش ڕۆژە لێرەین و بەداخەوە ئاسایش شوێنی مانەوەمانی تێکدا، کە ئەو خێمە و چادرانە بوو، بۆیە ئێستا دۆخمان زۆر خراپە، چونکە شەوانە کەشوهەوا سارد دەبێت و شوێنێکی ئەوتۆش نیە کەوا لێی بمێنینەوە، بەڵام ئەوە هیچ کات کاریگەری لەسەر چالاکیەکانمان نابێت.

ئەوەشی وت: داواکاریشین لە یوئێن هەرچی زووە کار لەسەر داواکاریەکانمان بکات بۆ ئەوەی ژیانی مانگرتووەکان لە باشوری کوردستان نەکەوێتە ژێر مەترسییەوە، هەروەها فشارەکان بۆ سەر دەوڵەتی تورکیا زیاتر بکرێن بۆ ئەوەی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان هەڵبگیردرێت.

بەشێک لە ژنانی ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، لە ڕۆژی ٣٠ی ١ی ٢٠١٩ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر و دژی گۆشەگیرییەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەگەرچی ٢٤ کاتژمێر دوای دەستپێکردنی چالاکییەکە و شەوی ٣١ی ١، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر چوونە سەریان و چادرەکەیان لابردن، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.


ک.ک