هەولێر، دەستدرێژیکارێکی سەر ژنان دەستگیرکرایەوە

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر تۆمەتبارێکی دەستگیرکرد، کە دەستدرێژی کردووەتە سەر دوو ژن، پێشتریش ئەو دەستدرێژیکارە دەستگیرکراوە، بەڵام ئازادکراوە.


ئەمڕۆ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی ئاسایشی هه‌ولێر ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە لەسەر دەستگیرکردنی پیاوێکی دەستدرێژیکاری سەر ژنان.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: له‌سه‌ر سکاڵای هاوڵاتیه‌ک، که‌ ده‌ستدرێژی کرابووه‌ سه‌ر، تیمه‌کانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیمان ده‌ستیان به‌ لێکۆڵینه‌وه کرد و توانیان تاوانباری ده‌ستدرێژیکار ده‌ستگیر بکه‌ن و ڕاده‌ستی دادگای بکه‌ن.

لەبارەی وردەکاری ڕووداوەکەوە، ئاماژە بۆ ئەوە کراوە: "کاتژمێر ١٢:٥٥ خوله‌کی شه‌وی ١ی ٤ی ٢٠١٩، ژنێکی هه‌ڵگری ڕه‌گه‌زنامه‌ی بیانی، ته‌کسییه‌ک ڕاده‌گرێت بۆ ئه‌وه‌ی بیگه‌نێته‌ شارۆچکه‌ی عه‌نکاوه، به‌ڵام شۆفێری تاکسییه‌که‌ به‌ ناوی (ف. ح. ح)ی ته‌مه‌ن ٤٨ ساڵ، به‌پێی دانپێدانانی خۆی، ژنە سه‌رنشینه‌که‌ی ده‌باته‌ چۆڵه‌وانییه‌کی سنووری شارۆچکەی بنه‌سڵاوه‌ و به‌ چه‌قۆ هێرشی ده‌کاته‌سه‌ر و هه‌ڕه‌شه‌ی کوشتنی لێده‌کات، له‌ژێر گوشاردا ده‌ستدرێژیی سێکسی ده‌کاته‌ سه‌ر ژنەکە‌، پاشان له‌و چۆڵه‌وانییه‌ به‌جێیده‌هێڵێت".

هەر لە ڕاگەیێندراوەکەی ئاسایشی هەولێردا باس لەوە کراوە: ئەو کەسە پێشتریش پێشینه‌ی ده‌ستدرێژیکردنه‌ سه‌ر ژنانی هەبووە و لە ساڵی ٢٠١٧ به‌هه‌مانشێوه‌ ده‌ستدرێژی کردووەتە‌ سه‌ر ژنێکی عه‌ره‌ب، به‌و هۆیه‌وه سزا یاساییه‌که‌ی به‌ندکردن بووه‌ و دواتر ئازاد بووه‌.


ک.ک