هەولێر، شاندێکی ژنان جارێکی دیکە لەگەڵ یوئێن کۆبوونەوە

شاندێکی ئەنجومەنی ژنانی عەشتار لە کامپی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، جارێکی دیکە لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر کۆبوونەوە، نوێنەرانی یوئێن بەڵێنیانداوە بەدواداچوون بۆ هێرشەکانی ئاسایشی هەولێر بۆ سەر چالاکوانان بکەن.


ئەمڕۆ شاندێکی ژنانی ئەنجومەنی عەشتار، کە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەولێر دەستیان بە مانگرتن کردوە، لەگەڵ بەرپرسانی یوئێن کۆبوونەوە، دوای کۆبوونەکەش ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن خستەڕوو.

لەیلا ئارەزوو، ئەندامی ئەنجومەنی عەشتار و بەشداری کۆبوونەوەکە، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ڕایگەیاند: ئێمە ماوەی پێنج ڕۆژە لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان مانگرتمان دەستپێکردوە لە دژی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان، بەڵام سەرەتا و دوای ٢٤ کاتژمێر، هێزەکانی ئاسایش هەڵیانکوتایە سەر خێمەکانمان و تێکیاندا و پێیان وتین، کە دەبێت کۆتایی بە چالاکییەکانتان بهێنن.

وتیشی: بۆیە ئەمڕۆ ئێمە جارێکی دیکە لەگەڵ بەرپرسانی بەشی مافی مرۆڤ لە نوسینگەی هەولێری نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووینەوە، پێمان ڕاگەیاندن، کە سەرباری ڕێگاپێدانی ئەوان وەکو یوئێن، بەڵام ئاسایش ڕێگامان پێنادەن، ئەوانیش پێیانوتین، ئێمە بەدواداچوون بۆ ئەو پرسە دەکەین و دواتر وەڵامتان دەدەینەوە.

 لەبارەی پێشکەشکردنی یاداشتەکەی ڕۆژی چوار شەممەی ڕابردووش بە نەتەوە یەکگرتوەکان لەسەر ڕەوشی مانگرتووەکان، ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی عەشتار ئاماژەی بەوە کرد: بەرپرسانی نەتەوە یەکگرتووەکان پێان وتین، کە یاداشتەکەیان ئاڕاستەی بارەگای سەرەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کردووە بۆئەوەی ئەوان کار لەسەر داواکاریەکانتان بکەن لە داهاتوودا.

بەشێک لە ژنانی ئەنجومەنی عەشتار لە کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی، لە ڕۆژی ٣٠ی ١ی ٢٠١٩ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر و دژی گۆشەگیرییەکانی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە، دەستیان بە مانگرتن لە خواردن کردووە، ئەگەرچی ٢٤ کاتژمێر دوای دەستپێکردنی چالاکییەکە و شەوی ٣١ی ١، هێزەکانی ئاسایشی هەولێر چوونە سەریان و چادرەکەیان لابردن، بەڵام ئەوان بەردەوامن لە چالاکییەکەیان.


ک.ک