هەولێر، چالاكوانانی ژنان  داوای یەكڕیزیی لایەنە سیاسیەكانی باشور دەكەن

چالاكوانانی ژنان لە شاری هەولێر داوا لە لایەنە سساسیەكانی باشوری كوردستان دەكەن یەك ڕیز و هەماهەنگ بن بۆ ئەوەی بتوان ڕووبەرووی هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەتانی درواسێ ببنەوە .


ماوەی چەند ڕۆژێكە هەریەكە لە دەوڵەتانی توركیا و ئێران سنوورەكانی هەرێمی كوردستان تۆبپاران و بۆردوومان دەكەن و بەم هۆیەشەوە ژمارەیەك هاوڵاتی مەدەنی شەهید و بریندار بوون، چالاكوانانی ژنانیش لە شاری هەولێر داوای یەكریزیی نێو ماڵی كورد لەنێوان لایەنە سیاییەكانی باشوری كوردستان دەكەن.

پەروین حەسەن، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای كاروباری خانمان لەسەر ئەو بابەتە بە ڕۆژنیوزی وت:"بەداخەوە هەر هێرشێك بكرێتە سەر هەرێمی كوردستان زیانمەندی یەكەم هاوڵاتیانی كوردستانن، بۆیە یەكڕیزیی هەموو لایەن و پارچەكانی كوردستان دەبێتە هۆی ئەوەی، كە وڵاتان و دوژمنان دەستدرێژیی نەكەن، بەڵام بەداخەوە نە حكومەتی عێراق نە حكومەتی هەرێم، نەیان توانیوە وەك پێویست كاربكەن بۆ ڕێگرتن لەو پەلامارانە.

ناوبراو پێی وابوو، پێویستە لەسەر ئەو بابەتە گفتوگۆ لەنێوان لایەنە کوردییەکاندا بکرێت چونکە هەموو گفتوگۆ و ڕێككەوتنێك دەبێتە هۆی پاراستنی خاك و خەڵكی كوردستان.

چیمەن فەیزوڵا، سەرۆكی ڕێكخراوی ئەفرۆم بۆ مافەكانی مرۆڤ، لەسەر هەمان بابەت بە ڕۆژنیوزی وت: لەماوەی پێشوو هیرشی زۆر كراوەتە سەر خاكی هەرێمی كوردستان لەلایەن وڵاتانی دەرەكییەوە بە تایبەتی توركیا و ئێران، بۆیە پێویستە لایەنە سیاسییەكانی كوردستان یەك دەنگ و هەماهەنگ و یەكڕیزبن، بۆ ئەوەی بتوانن وەڵامی ئەو پەلامارانە بدەنەوە.

ناوبراو ئاماژەی بەوەشکرد، کە پێویستە لایەنەکان بەرژەوەندی خۆیان نەخەنە پێش بەرژەوەندی نیشتیمانەوە و وتی: دەبێت هەموان هاوڕابن، چونكە بەرژەوەندی گشتی دەكەوێتە مەترسی، هەموان بەرپرسن بەرامبەر پاراستنی هاوڵاتیان، ئەگەر لایەنەكان یەكڕیزبن، دەتوانن ڕووبەرووی ئەو فشارانە ببنەوە، كە لەسەر خەڵك و خاکی كوردستان هەیە.

د.ع