هەپەگە کوژرانی نۆ سەربازی تورکی ڕاگەیاند

گەریلاکانی یەژاستار و هەپەگە لە سێرت، لێلکان، چەلێ، دەڤەری بارزان و سیدەکان لەدژی سوپای تورک چالاکییان ئەنجامدا، لەو چالاکییانەدا زیاتر لە نۆ سەرباز کوژران.


ئەمڕۆ ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل- هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئەنجامی چەند چالاکیی گەریلاکانی خستەڕوو.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ کاتژمێر ٠٨:١٥ خولەکی بەیانی لەسەر گردی لێلکانی سەربە سیدەکانی باشوری کوردستان چالاکییەک لەدژی سوپای تورک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا چوار سەرباز کوژران، هەر دوێنێ کاتژمێر ٠٢:٢٠ خولەکی پاش نیوەڕۆ لەسەر گردی لێلکان چالاکییەکی دیکە لەلایەن گەریلاکانی یەژاستارەوە ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا کە بە قەناس ئەنجامدرا، سەربازێکی دوژمن کوژرا.

لە بەردەوامیی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: دوێنێ کاتژمێر ٠٧:٠٠ی ئێوارە، لەسەر گردی خوەدێی سەربە دەڤەری بارزانی باشوری کوردستان چالاکییەک ئەنجامدرا، لەو چالاکییەشدا سەربازێک کوژرا.

هەپەگە ئەوەشی ڕاگەیاندووە: کاتژمێر ١١:٣٠ خولەکی نیوەڕۆی دوێنێ لەسەر گردی خەرەگۆلی سەربە چەلێی جولەمێرگ چالاکییەک ئەنجامدا، لەو چالاکییەدا گورزی توند لە پێگەکانی سوپای تورک درا، بەڵام ژمارەی کوژراو وبریندارەکانی دوژمن لە ئەنجامی چالاکییەکەدا نەزانرا.

لە کۆتایی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا ئەوەش هاتووە: دوێێ کاتژمێر ١٠:٣٠ خولەکی بەیانی لەسەر گردی جانخۆرتی سەربە هەرەکۆلی سێرت چالاکی ئەنجامدرا، لەو چالاکییەدا سێ سەرباز کوژران، ٠٤:٣٠ خولەکی پاشنیوەڕۆش هەر لەو شوێنە چالاکییەکی دیکە ئەنجامدرا، گورزی توند لە پێگەکانی سوپا درا، بەڵام ژمارەی کوژراو و بریندارەکانیان نەزانرا.

ش.ف