هەڵمەتێک دژی هاوسەرگیریی پێشوەختە ڕاگەیەندرا

پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری توندوتیژی جێنده‌ریی و پاڵپشتی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی له ‌گه‌رمیان، کە لەلایەن ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنییەوە ڕێکخراوە، به‌هاوكاری ڕێكخراوی یونسێف، هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیری پێشوه‌خته‌ له ‌گه‌رمیان ڕاگەیاند.


ئەمڕۆ، له ‌هۆڵی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گشتی ڕۆشنبیری و لاوان لە شارۆچکەی کەلاری ناوەندی ئیدارەی گەرمیان، پرۆژه‌ی چاره‌سه‌ری توندوتیژی جێنده‌ریی و پاڵپشتی ده‌رونی و كۆمه‌ڵایه‌تی له‌ گه‌رمیان، کە لەلایەن ژمارەیەک چالاکوانی مەدەنییەوە ڕێکخراوە، به‌هاوكاری رێكخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و منداڵ (یونسێف)، لە سیمینارێکدا هه‌ڵمه‌تێكیان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته‌ له‌ ناوچەکە ڕاگەیاند.

لە سیمینارەکەدا، زەرەر و زیان و لێکەوتەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە لەسەر ژنان خرایەڕوو، سەرەتا سەرکەوت جەلیل، سەرپەرشتیاری پرۆژه‌کە باسی لە لێکەوتە دەروونییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە کرد لەسەر ژنان و وتی: ئەو کەسەی کە هاوسەرگیریی پێشوەختە دەکات، توانای بڕیاردان و ڕادەربڕینی نییە، ئەو کەسەش توانای بڕیاردانی نەبێت ناتوانێت ئەرک و مافەکانی خۆی بەدەست بێنێت، هەروەها ژنان لە پێشکەوتنی کەسێتی و زانیاری گشتی دوا دەخات.

هەروەها بەناز جەلیل، بەڕێوبەری نەخۆشخانەی شێرەی نەقیب، کە نەخۆشخانەیەکی تایبەتی ژنانە لە شارۆچکەی کەلار، باسی لە کاریگەرییە تەندروستییەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە کرد لەسەر ژنان و وتی: کاریگەری خراپی دەبێت لەسەر ژن لەکاتی دووگیان بووندا، بەتایبەت یەکێک لەو مەترسیانە توشبوینی بەرزبوونەوەی فشاری خوێنە، هەروەها ئەگەری ڕووداوی مردن و لەبارچوونی منداڵ و ڕووداوی نەخوازراویان پێنج جار زیاترە لە ژنێک، کە لە سەرووی تەمەنی ١٨ ساڵەوە بێت.

ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو: زۆر جار ئەو ژنانەی لەخوار تەمەنی ١٨ ساڵەوە نەشتەرگەری منداڵبوونیان بۆ دەکرێت، ئەندامێکی جەستەیان لەدەست دەدەن، کە جارێکیتر ناتوانن دووگیان ببنەوە.

لە کۆتایی سیمینارەکەشدا، هه‌ڵمه‌تێک بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی هاوسه‌رگیریی پێشوه‌خته‌ له ‌گه‌رمیان ڕاگەیەندرا، بڕیاریشە لە داهاتوودا زنجیرەیەک چالاکی جۆراوجۆر دەربارەی زیانەکانی هاوسەرگیریی پێشوەختە لە سنورەکەدا ئەنجامبدەن.

هاوسەرگیری پێشوەخت یان هاوسەرگیری منداڵان، بریتییە لەهەر جۆرە هاوسەرگیرییەک، کە پێش تەمەنی ۱٨ساڵ بێت، ئەمەش پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤە بە گشتی و بەتایبەتی منداڵان.

بەپێی داتاو زانیارییەکانی ڕیکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەروەردە و منداڵ (یونیسێف)، لە سەرانسەری جیهاندا ۷۰۰ ملیۆن کچ پێش تەمەنی ۱٨ساڵی هاوسەرگیریان کردووە، تا ساڵی ۲۰۲۰یش ئەم ڕێژەیە بەرزدەبێتەوە بۆ ٨٤۰ ملیۆن کچ.

ب.ل