"هەڵوەشاندنەوەی لیژنەی ژنان دۆخی ژن مەترسیدارتر دەکات"

سەرۆكی لیژنەی ژنان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان ترسیی لە نەمانی لیژنەی تایبەت بە كاروباری ژنان هەیە، پێی وایە نەمانی لیژنەی ژنان لە پەرلەمان كاریگەریی لەسەر دۆخی ژنان دەبێت، داواش دەكات خولی پێنجەمی پەرلەمان كار بە بڕیاری نەهێشتنی لیژنەی ژنان نەكات.


لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستاندا و لەكاتی هەمواركردنەوەی پەیڕەوی ناوخۆ، بڕیاردرا بۆ خولی داهاتوو لیژنەی تایبەت بە ژنان نەمێنێت و تێكەڵ بە لیژنەی مافی مرۆڤ بكرێت، لەو بارەیەوە ئێڤار ئیبراهیم سەرۆكی لیژنەی ژنان لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بۆ ڕۆژنیوز دوا.

ئێڤار ئیبراهیم لەوبارەیەوە وتی: ئێمە لەگەڵ ئەوەدا نین لیژنەی ژنان تێكەڵا‌و بكرێت لەگەڵ لیژنەی مافەكانی مرۆڤ، چونكە دۆخی ژنان لە هەرێمی كوردستان لەژێر مەترسیدایە و نەمانی لیژنەکە دۆخەکە مەترسیدارتر دەکات.

ئێڤار ئیبراهیم داواشی لە خولی نوێی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان كرد کە ڕێگریی بكات لە جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، وتی: دەبێت ئەوە پەسەند نەکرێت کە لیژنەی ژنان نەمێنێت، چونكە بە پێی ئەو بەدواداچوونانەی لیژنەی ژنان كردوونی، ژنانی كورد لە دۆخێكی خراپدان و لەژێر مەترسیدان، بۆیە بە پێویستە لیژنەکە وەك خۆی بمێنێتەوە و كاری خۆی بكات.

لە مانگی شوباتی ساڵی ٢٠١٨، خولی چوارەمی پەرلەمانی ھەرێمی کوردستان پەیڕەوی ناوخۆی هەمواركردەوە، بەپێی هەموارەكەش كە لە خولی داهاتووی پەرلەمانەوە كاری پێدەكرێت، بە بیانوی ڕێكخستنەوەی لیژنە ھەمیشەییەکان، بە دەنگی زۆرینەی ئەندامانی پەرلەمان، لیژنەکانی (داکۆکیکردن لەمافی ژنان، کاروباری کۆمەڵایەتی و خێزان، مافی مرۆڤ) لە یەك لیژنەدا كۆكرانەوە.

ش.ف