هەڵەبجە، بۆیەکەمجار پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی بۆ هێزی ژنان بەڕێوەچوو

بۆ یەكەمجار لەسەر ئاستی پارێزگای هەڵەبجە، پاڵەوانێتی بەرزكردنەوەی قورسایی بۆ ژنانی پارێزگاكەو بەشێك لەناوچە جیاوازەكانی دیكەی كوردستان بەڕێوەچوو، تێیدا ٣٠ یاریزان و نۆ یانە، بەشدارییان تێدا کرد.


ئەمڕۆ لە هۆڵی بەڕێوەبەرایەتی لاوانی هەڵەبجە، پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی بۆیەکەمجار لەسنورەکە بۆژنانی ناوچەكانی ڕانیە، قەڵادزێ‌، سلێمانی، شارەزوور، كەركوك، خورماڵ و چەند ناوچەیەكی دیكە بەڕێوەچوو.

لەپاڵەوانێتیەكەدا٣٠ یاریزان و ٩ یانە بەشدارییان تێدا كرد، یاریزانی هۆڵی vip ی سلێمانی پلەی یەكەمیان بەدەستهێنا، قەڵادزێ‌ پلەی دووەمیان بەدەستهێنا، شارەزوریش پلەی سێيەمبوون.

ساریا بەكر سەرپەرشتیاری پاڵەوانێتیەكە بۆ ڕۆژنیوز وتی: ئەم پاڵەوانێتیە، یەكەمین پاڵەوانێتی هێزی لەشی ژنانە بۆ بەرزكردنەوەی قورسایی لەسنوری  پارێزگای هەڵەبجە.

وتیشی: هەر یاریزانەو بەپێی هێزیی لەشی خۆی قورسایی بەرز دەكاتەوە، ئامانجیش لەپاڵەوانێتیەكە ئەوەیە، یارییەكە بێتە ناو سنوری پارێزگای هەڵەبجەوە بۆ ئەوەی بزانن یاری ئاسن تەنها بۆ پیاوان نیە، بەڵكو زۆرێك لەژنانیش هەن لەپیاوان بەهێزترن و دەتوانن بەشداریی لەپاڵەوانێتیەکانی ئاسن و قورسایدا بكەن.

باسی لەوەشكرد،ئەوانەی دەبنە یەكەم لەبەرزكردنەوەی قورساییەكان، بڕوانامەی پاڵەوانێتیان دەدرێتێ‌ وەك پاڵەوان بەشداردەبن لەبتوڵەیەكی كوردستان و مەدالیای ڕێزلێنانیان پێدەبەخشرێت.

هاوكات گوڵستان ئەحمەد یاریزانێك بوو لەشاری ڕانیەوە بەشداری لەبەرزكردنەوەی كێشی ٥٥ كیلۆگرامیدا كردوو لەكۆی ٧ یاریزان پلەی یەكەمی بەدەستهێنا بۆ ڕۆژنیوز وتی: بۆ جاری سێیەمە بەشداری لەم جۆرە پاڵەوانێتیانە دەکەم ، ئەم جۆرە پاڵەوانێتیە جێگای خۆشحاڵین بۆ ئێمە، چونكە ئێمەش وەك ژنان دەتوانین تواناكانی خۆمان دەربخەین و ئەو هێزەی هەمانە پیشانی بدەین، هیچمان كەمتر نیە لەپیاوان شانبەشانی ئەوان بەشداری دەكەین لەم جۆرە یارییانەدا.

ب.ش