هەڵەبجە، ماڵێک بۆ ژنان دەکرێتەوە

؛ماڵێک بۆ کاری ژنان؛ ناوەندێکە کە گروپێک ژنی شاری هەڵەبجەی کۆکردووەتەوە و سەرەڕای ئەوەی بژێوی ژیانیانی تێدا پەیدا دەکەن، شوێنێکیشە، بۆ ئارامیی دەروونیان. 


ماوەی مانگێکە لە گەڕەکی شەهیدانی شاری هەڵەبجە ماڵێک بۆ کاری ژنان کراوەتەوە، کە ژنێکی شارەکە سەرپەرشتیی دەکات و ١٠ ژنی دیکەش تیایدا کار دەکەن.

لەو ماڵەدا ژنان خوردنە کوردەوارییەکان، نانی تیری نانی هەورامی، نانی جۆ ، ناوساجی، کولیچە، کەلانە، شیرنیی و دەیان خورادنی دیکە دروست دەکەن و هەر لەوێش ساغی دەکەنەوە، واتا شوێنێکە وەک خێزانێک گروپێک ژنی لەخۆ گرتووە، وەک کارگەیەکیش کاری تێدا دەکرێت و بازاڕێکیشە بۆ ساغکردنەوە.

هەریەک لەو ژنانە لە سوچێکی ژوورەکانی ئەو ماڵەدا سەرقاڵی کاری خۆیانن و بۆ سود وەرگرتن لە ئەزموونی یەکتر و پێشکەشکردنی باشترین خورادن-یش ڕاوێژ بە یەکتر دەکەن.

بەتامیی و خۆماڵییبوونی خواردنەکان، هۆکارێکە بۆ ئەوەی کڕیارێکی زۆر ڕوو لەو ماڵە بکات و لەڕێگەی تەلەفۆنیشەوە داواکاریی بۆ دەستکەوتنی خواردن پێشکەش دەکەن. 

زۆری کڕیارەکان هانی ئەو گروپە ژنانە دەدات، کە زیاتر گرنگیی بە کارەکانیان بدەن، شوێنەکەیان فراوان بکەن و ژنی زیاتریش ببنە ناو کارەکانیانەوە، ئەمەشیان خستووەتە ناو بەرنامەی خۆیانەوە بۆ داهاتوو.

ئەو ژنانە کە لە کاتژمێر ٨:٠٠ی بەیانیی بۆ ٠٦:٠٠ی ئێوارە پێکەوە کار دەکەن، بینی بەرهەمی ڕەنجی خۆیان وایلێکردوون، کە  کەمتر هەست بە هیلاکیی بکەن و هەست بە ئارامیی و ئاسودەیی دەکەن. 

وەزیرە عەلی، یەکێک لەو ژنانەیە و ئاماژەی بە گرنگیی کارەکەیان کرد، بۆ سەربەخۆیی ئابوورییان  و دابینکردنی پێدوایستیی خۆیان و خێزانەکەیان، بە پێویستیشی دەزانێت، کە ژنانی دیکەش ببنە خاوەن کار و چاوەڕێی دەستی کەسانی دیکە نەکەن.

سەیران تۆفیق، دەرچووی پەیمانگای کارگێڕیی کارە و لەو ماڵی دەستی بە کارکردن کردووە، خۆشحاڵیی نیشاندا، کە کارەکانیان جێگای ڕەزامەندیی کڕیارەکانە و وتی: ئەو خواردنانە ئێمە دروستییان دەکەین تەندروستە، چونکە هیچ مادەیەکی کیمیایی  تێکەڵ ناکەین و خاوێنن، گرنگە هاوڵاتیان خواردنمی خۆماڵیی بەکاربهێنن و دووربکەونەوە خواردنی ئامادەکراوی وڵاتی دیکە.

ش.ف