لە هەڵەبجە گفتوگۆی جۆرەکانی توندوتیژی دژی ژنان و بڕیاری ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ پاراستنی ژنان لە جەنگدا کرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ ڕێكخراوی لانەی منداڵانی كوردستان، لەچوارچێوەی هەڵمەتی پاراستنی مافەكانی ژنان، سمینارێكی لەژێر ناوی توندوتیژییەكان بەرامبەر ژنان و بڕیاری ١٣٢٥ی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیەكگرتووەكان، لەسەنتەری گەشەپێدانی چالاكی لاوانی هەڵەبجە بەڕێوەبرد.
لە سیمینارەکەدا دێرین ئاسۆ، پارێزەر باسی لەوەکرد: بەپێی ئامارەكان لەهەرێمی كوردستان زۆرترین توندوتیژیی بەرامبەر بەژنان دەكرێت توندوتیژی دەرونیە، جۆرێكی دیكەی توندوتیژی كە ڕووبەڕووی ژنان دەبێتەوە توندتیژی سێكسیە.
ئەو پارێزەرە ئاماژەی بەوەشكرد، جۆرێكی دیكەی توندوتیژی، توندوتیژی خێزانیە، و چەندین نمونەی لەو بارەیەوە هێنایەوە و وتی: بۆ نمونە هەندێك خێزان ڕێگە نادات ژنان بەسەربەخۆ كاری خۆیان بكەن و ببن بەخاوەن كاری خۆیان یان ڕێگەی خوێندنیان لێدەگرن، دابو نەریتەكانی كۆمەڵگە وایكردوە ژنان نەگەن بەمافەكانی خۆیان.
باسی لەوەشكرد، تاوەكو ئێستا یاسایەكی تایبەتمان نیە بەمافەكانی ژنان بۆ ئەوەی ژنان بپارێزێت، تەنها بڕیاری ١٣٢٥ ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەكگرتووەكان هەیە، لەژێر ناوی ژن ئاشتی ئاسایش، ئەو بڕیارەش بۆ پاراستنی ژنانە لەكاتی جەنگدا كە زیاتر ڕووبەڕووی توندوتیژیی دەبنەوە.
ئەوەشی ڕوونکردەوە، بەو بڕیارەی ئەنجومەنەکەش ناتوانرێت مافەكانی ژنان بپارێزرێت، لەزۆربەی وڵاتان بڕیارەكە جێبەجێناكرێت، وەك لە شەڕی داعشدا بەشێكی زۆری ژنانی ئێزدیی لەلایەن چەتەكانی داعشەوە بازرگانییان پێوەکرا.
بەپێی ئامارەكانی ڕێكخرواەكانی بواری مافەكانی ژنان لەماوەی ٦ مانگی ئەمساڵدا ٣١ حاڵەتی خۆكوشتن، ٢٢ حاڵەتی كوشتنی ژنان، هەروەها ٢٩ حاڵەتی سوتانی ژنانیش لە هەریمی کوردستان هەیە.
ها-غ