وادی ئەڵمانی: لەساڵی ڕابردوودا لەگەرمیان هیچ مێینەیەک خەتەنە نەکراوە

ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، ڕایگەیاند، کە لەساڵی ڕابردوودا هیچ حاڵەتێکی خەتەنەکردنی مێینە لە گەرمیان تۆمار نەکراوە، دەشڵێن: ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە و بەرهەمی کەمپەینێکی ١٥ ساڵی ئێمەیە. 


ڕۆژی ٦ی شوباتی هەموو ساڵێک بە ڕۆژی بەرەنگاربوونەوەی خەتەنەکردنی مێینە دەستنیشانکراوە، ڕێکخراوی وادی ئەڵمانی، بەو بۆنەیەوە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕێکخراوی وادی ئەڵمانیدا هاتووە: لە ڕۆژی جیهانی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینە، ڕێكخراوی وادی بە خۆشحاڵیەوە ئەم دەسكەوتە ڕادەگەیەنێت، لە ناوچەی گەرمیان لە كوردستانی عێراق لە ساڵی ڕابردوودا هیچ كەیسێكی تازەی خەتەنەكردنی مێینە تۆمار نەكراوە.

ئەوەش هاتووە: کەمپەینی بنەبڕکردنی خەتەنەكردنی مێینە لە كوردستانی عێراق ١٥ ساڵ لەمەوبەر ساڵی ٢٠٠٥ لە گەرمیان دەستیپێكرد، لەو كاتەدا تیمە ناوخۆییە گەڕۆكەكانی وادی سەركەوتوبون لە شكاندنی ئەو بێدەنگیەی كە خەتەنەكردنی مێینەی داپۆشیبوو لە باكوری عێراق، كە تا ئەو كاتە بە كارێكی ئەفریقی دادەنرا.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەد هاتووە: لە ١٥ ساڵی دوای دەركەوتنی خەتەنەكردنی مێینە، وادی ئیش دەكات لەسەر كۆتایپێهێنانی دیاردەكە لە ڕێی كەمپینی "خەتەنەكردنی مێینە ڕاگرن".  ژمارەیەك لە ڕێكخراو و چالاكوانان بەشدارییانكرد لە كەمپەینی بەرەنگاربونەوەی خەتەنەكردنی مێینەدا، سوپاسی هەرهەمویان دەكەین،

هەروەها سوپاسی كونسوڵخانەی گشتیی هۆڵەندی و وەزارەتی دەرەوەی هۆڵەندی دەكەین بۆ هاوكاری بەردەوامیان لە ٢٠١٠ وە.

وادی ئەڵمانی ئاماژەیان بە چۆنێتی کارکردنیان بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی خەتەنەی مێینە کردووە و دەڵێن: تیمە گەڕۆكەكانمان لە گەرمیان لە نزیكەوە كاردەكەن لەگەڵ ژنان، پیاوانی دیاری كۆمەڵگە، پیاوانی بەساڵاچوی گوندەكان، پیاوانی ئاینی و پێكهاتەكانی تری كۆمەڵگە بۆ گۆڕینی بۆچوونی ناوچەیەكی تەواو یان گوندێكی تەواو بۆ كۆتایهێنانی سەرتاسەریی خەتەنەكردنی مێینە، ئەم گەشتە هەروا ئاسان نەبوو بەڵام ئەوەی پیشاندا كە بەكاركردن لەگەڵ كۆمەڵگە نەك لە دژ، خەتنەكردنی مێینە ڕادەوەستێنرێت وە گۆڕنكاری ڕاستەقینە دەتوانرێت لە ماوەیەكی كەمدا بەدەست بهێنرێت، ئاواتەخوازین ئەم سەركەوتنە ببێ‌ بە نمونەیەكی ئیجابی بۆ ناوچەكانی دیكە.

لەکۆتایی ڕاگيیەندراوەکەشدا هاتووە: ئێستا دەتوانین ڕایبگەیەنین كە خەتەنەكردنی مێینە چیتر بە بەربڵاوی لە گەرمیاندا مومارەسە ناكرێت، ئەمە كاتێكی مێژوویی و دڵخۆشكەرە وە بەردەوام دەبین لە كاركردن بۆ كۆتای پێهێنانی ئەم دیاردە زیانبەخشە بە تەواوەتی.

د.ع