٢١ ئێزدی ڕادەستی شەنگال دەکرێنەوە

ماڵی ئێزدیان لە هەرێمی جزیرە ٢١ ئێزدیی شەنگالی، کە لەلایەن هێزەکانی قەسەدەـوە لە دەستی چەتەکانی داعش ئازادکرابوون، ڕادەستی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال دەکات.


هێزەکانی سوریای دیموکرات- قەسەدە، لە دەستپێکی هەنگاوی کۆتایی هێنان بە تیرۆرەوە، زیاتر لە ٣٠ ژن و دەیان منداڵی ئێزدییان، کە لە سێی ئابی ٢٠١٤ بە دیل کەوتبوونە دەستی چەتەکانی داعش، ئازاد کردووە، ماڵی ئێزدیان ئەمڕۆ بە ئامادەبوونی فەرماندەکانی قەسەدە، ٢١ لەو ئێزدییە ئازادکراوانە، کە سێ ژن و ١٨ منداڵن، ڕادەستی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتی شەنگال دەکات.

لە ئێستادا بە سەدان ئێزدی لە بەردەم ڕێڕەوی مرۆیی نێوان شەنگال و ڕۆژئاوای کوردستان، چاوەڕێ دەکەن، کە پێشوازی لەو دیلە ئازادکراوانە بکەن.

هاوسەرۆکی ماڵی ئێزدیان لە لێدوانێکدا ئاشکرای کرد، کە گروپێکی دیکەی ئێزدی ئازادکراون، کە دوای وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی پێویست، دەگەڕێنرێنەوە شوێنی خۆیان.

هەروەها فەرماندەیەکی قەسەدەش جەختی لەوە کردەوە، کە ئازادکردنی سڤیلەکان لە باغۆز بەردەوامە.

ک.ک