٤٠ ساڵە ژنان لە بازاڕێکدا بە ڕەنجی خۆیان بژێوییان دابین دەکەن

٤٠ ساڵ لەمەوبەر لە ناوەندی شاری هەولێر، سێ ژن بڕیاردەدەن چیتر خۆیان بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابینبکەن، هەر بۆیە لەسەر شۆستە و لە قەراغی یەکێک لە شەقامەکانی تەیراوا، بازاڕێک بنیاد دەنێن و لەوکاتەوە تائێستا لە کارەکەیان بەردەوامن، ئێستاش ئەو شوێنە بووەتە بازاڕێکی تەواو و ژمارەی ئەو ژنانەش لەوێ کار دەکەن بۆ نزیکەی ٢٠ کەس زیادیکردووە.


بازاڕی تەیراوا لە شاری هەولێر، کە دەکەوێتە ناوەندی شارەکە، یەکێک لە کۆڵان و قەراغ شەقامەکانی ماوەی ٤٠ ساڵە بووەتە سەرچاوەی دابینکردنی بژێوی بۆ ژمارەیەک لە ژنان کە هەریەک لەو ژنانە جگە لە خۆیان ئەرکی بەخێوکردنی چەند منداڵیکیشیان لەئەستۆیە، ئەوەی دەچێتە تەیراوا ئەو ژنە بە تەمەنانە دەبینێت کە دانیشتوون كۆمەڵێك جلی كوردی و ژنانە یان سەوزەیان، لەبەردەم خۆیان داناوە و سەرقاڵی کڕین و فرۆشتنین، ئەو بازاڕە لە ناو خەڵکی هەولێردا بە بازاڕی "پیرێژنان" ناسراوە.

٤٠ ساڵ لەمەوبەر، لە ساڵی ١٩٨٠، سێ ژن بەناوەكانی (عەلیمە، فاتیمە و عایشە) بڕیار دەدەن چیتر خۆیان بژێوی خۆیان و خێزانەکانیان دابینبکەن، لەوکاتەوە تا ئێستا دوو لەو ژنانە لە کارەکەیان بەردەوامن و ژنەکەی دیککەش ماوەیەکە لە کارەکەی دابڕاوە، ئەو بازاڕە ئێستا فراوانتر بووە و نزیکەی ٢٠ ژن  كاریتێدا دەكەن بەگەرما و سەرما بژێوی ژیانیان لەسەر ئەم  بازاڕەیە، لەگەڵ ئەوەی بازاڕەکە بووەتە یەکێک لە بازاڕە دێرینەکانی شاری هەولێر، بەڵام تا ئێستا حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاوڕی لێنەداونەتەوە و تەنانەت شوێنێکی بۆ دابین نەکردوون کە ئەو ژنانە لە سەرماو گەرما بپارێزێت.

ڕۆژنیوز، سەردانێکی مەیدانی بازاڕەکەی كرد، بەڵام هیچ كام لەو ژنانە ئامادە نەبوون لەبەردەم کامێرادا قسە بكەن، بەڵام عەلیمە، کە یەكێكە لەو ژنانەی كە دامەزرێنەی بازاڕەکەیە  دوور لەچاوی كامێرا هەندێك زانیاری لەبارەی ئەو بازاڕەوە خستەڕوو، "سەرەتایی دروستبوونی بازاڕەکە بۆ ساڵی ١٩٨٠ دەگەڕێتەوە، ئەوكات ئێمە سێ ژن بووین، تەمەنی گەنجی خۆمان لێرە بردە سەر ئەو بازاڕە بەچەند قۆناغێكدا تێپەڕیووە، تاوەكو گەیشتووەتە ئەوقۆناغەی ئێستا، هیوادارین حكومەتی هەرێمی كوردستان گرنگی بەو بازاڕە بدات و شوێنێكی گونجاوترمان بۆ دیاریی بكات، چونكە لەكاتی بارانباریندا ناتوانین كار بكەین".

یەکێکی دیکە لەو ژنانەی لە بازاڕەکەدا کار دەکات كەلسوم محەمەدە، کە وەک خۆی دەڵیت: "خاوەنی پێنج منداڵم و تەواوی بژێوی ژیانم لەسەر ئەم بازاڕەیە، من زیاتر لەوەرزی بەهاراندا خواردن و گیا بەهارییەکان کە لە دەشتاییەكان دەڕوێن دەهێنم و لێرە دەیفرۆشمەوە، بەڵام ئێستا چونكە هیچ خواردنێكی كوردەواریی نەبووە، بۆیە مامەڵەی كڕین و فرۆشتن بە جلی كوردی ژنانەوە دەكەم".

سەعید عەبدوڵا، ڕۆژنامەنووس، لەبارەی بازاڕەکەوە بۆ ڕۆژنیوز، قسەیکرد و وتی: بازاڕی ژنانی بە تەمەن یان بازاڕی "پیرێژنان" مێژوویەكی  كۆنی هەیە، بۆیە پێویستە حكومەتی خۆجێی هەولێر ئەم بازاڕانە جا لە هەولێر، یان لە سلێمانی یان لە دهۆك بێت بپارێزێت، بەداخەوە ئەم بازاڕە کە مێژوویەكی دوور و درێژی هەیە، بەهۆی ئاوڕ لێنەدانەوەی حکومەت و دابیننەکردنی خزمەتگوزاریی بۆیان خەریكە لەناودەچێت.

ئەو ڕۆژنامەنووسە زیاتر، وتی: كاتێك وەرزی باران بارین دەستپێدەکات تەواوی كەلوپەلی ئەو ژنانە تەڕ دەبێـت و ئەمەش وادەكات هاوڵاتیان سەردانی ئەو بازاڕە نەكەن و ئەوانەشی لەوێن بە ئەستەم دەتوانن بژێوی ژیانیان دابین بكەن.

ک.س