٦٣٪ی ئەو کەسانەی لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیریی دەکەن جیادەبنەوە

لە سنووری کەرکوک ٦٣٪ی ئەو ژن و پیاوانەی لەدەرەوەی دادگا پرۆسەی هاوسەرگیریی ئەنجام دەدەن، لە یەکتر جیادەبنەوە، هۆکارەکەشی بۆ ئەوە دەگێڕدرێتەوە، کە ئەو ژنانەی لە دەرەوەی دادگا مارە دەبڕدرێن لە مافە یاساییەکان بێبەش دەبن، ئەمەش ڕێگا بۆ پیاوان خۆش دەکات، کە بەئاسانییی جیاببنەوە.


ئەگەرچی بەپێی یاسا پێویستە پرۆسەی مارەبڕین سەرەتا لە دادگا ئەنجام بدرێت پاشان لای مامۆستای ئاینیی، بەڵام تا ئێستا لە شاری کەرکوک مارەبڕین لە دەرەوەی دادگا بەردەوامیی هەیە.

بەپێی ئەو ئامارانەی، كە ڕۆژنیوز لە دادگای كەركوكەوە دەستیكەوتووە لە شەش مانگ یەکەمی ئەمساڵدا پێنج هەزار و 160 گرێبەستی هاوسەرگیریی لەڕێگای دادگاوە ئەنجامدراوە، هەروەها ٢١١ حاڵەتی جیابوونەوەش تۆمارکراوە.

دادگاکە بە پشت بەستن بە چەند پارێزەر و توێژەرێک، کە تایبەت بۆ دادگای کەرکوک کاردەکەن، ئاماری گرێبەستی هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگای دەستکەوتووە و بەپێی ئامارەکە لەو شەش مانگەدا هەزار و 386 گرێبەست لای مامۆستای ئاینیی ئەنجامدراوە و ٨٧٧ حاڵەتی جیابوونەوەش هەبووە.

ئەگەر ئەم شەش مانگە بە نمونە وەربگرین، دەردەکەوێت ٦٣٪ی ئەو گرێبەستانەی تەنیا لای مامۆستایانی ئاینیی ئەنجام دەدرێن، هەڵدەوەشێنەوە.

کاڵێ عەبدولستار، توێژەری کۆمەڵایەتیی، هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا بە "کارەسات" ناودەبات و ئاماژە بە زیانەکانی ئەو هاوسەرگیرییە دەکات لەسەر ژنان و دەڵێت: ئەو ژنەی لای مەلا مارە دەبڕدرێت زۆرێك لە مافەكانی لە دەستدەدات.

بەپێی یاسا، ئەو ژن و پیاوەی هاوسەرگیریی دەکەن، دەبێت تەمەنیان گونجاوبێت، هەروەها پشکنینی پزیشکیی ئەنجام بدەن، هەروەها ناوی ژن لە ناسنامەی هاوسەرەکەیدا دەنووسرێت و ناوی پیاویش بە هەمان شێوە، لەکاتی جیابوونەوەشدا دادگا مافەکانی ژن لە پیاوەکە دەسەنێت.

ئەو کەسانەی تەنیا لای مامۆستایانی ئاینی مارەبڕین ئەنجام دەدەن، دەیانەوێت خۆیان لە جێبەجێکردنی مەرجانە بدزنەوە، لەکاتی جیابوونەوەشدا ژن ناتوانێت مافە یاساییەکانی خۆی وەربگرێت.

کاڵێ عەبدولستار، دەڵێت:"ئەو ژنەی کە لە دەرەوەی دادگا هاوسەگیریی دەكات هەموو مافێكی دەڕوات، بۆ نموونە مافی نەفەقە( مارەبڕین) کە مافی بەخێوكردن و لە ئەستۆ گرتنی منداڵەکانیەتی".

سیفا حیكەمەت، چالاكوانی بواری مافەكانی ژنان، ئەو هاوسەرگیرییە بە پێشێلکاریی گەورەی مافی ژنان دەزانێت، "ئەو ژنەی لە دەرەوەی دادگا مارە دەبڕێت هیچ بەڵگەیەكی یاسایی هاوسەرێتیی نییە، بۆیە پیاوەکە دەتوانێت بە ئاسانیی لێی جیابێتەوە".

هاوسەرگیریی دەرەوەی دادگا، تەنیا زیانی بۆ ژنەکە نییە، بەڵکو گرفتی گەورە بۆ منداڵەکانیشیان دروست دەبێت، چونکە ناتوانن ناسنامەیان هەبێت، تا ئەو کاتەی دایک و باوکەکە لە دادگا گرێبەست ئەنجام دەدەن، لە حاڵەتی جیابوونەوەشدا ئەمە ئاستەم دەبێت.

هەر لەوباریەوە ئەحمەد زەنگەنە، پێشنوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی كەركوك دەڵێت:"ئەنجامدانی هاوسەرگیریی بێ دادگا نابێت وە ناكرێت، بەڵام  دۆخەكە وای لێهاتووە خەڵكانێك هەیە دوو ڕكات نوێژ دەكەن یان دێنە نوێژی گشتی مزگەوەتەكان، ئیتر فێربوون مارە بڕین ئەنجام دەدەن".

ئەو مامۆستا ئاینییە، دەڵێت، کە نابێت ژنەکە و کەسوکارەکەی بەو هاوسەرگیرییە ڕازی بن، وەک ئەو باسی دەکات"حاڵەتی وامان هەیە كوڕ و كچ ماوەی مانگێك لە دەرەوەی دادگا هاوسەرگیرییان كردووە، هەر دێنەوە لای مامۆستای ئاینی بۆ ئەوەی جیابونەوەیان بۆ ئەنجام بدات".

سەبارەت بەو کەسانەی کە دوای مارەبڕین لای مامۆستایانی ئاینی دەچنە لای دادوەر، شادی جەلال، ڕاوێژكاری یاسایی دەڵێت: بە پێی بە یاسا هەر كەسێك لە دەروەی دادگا هاوسەرگیریی ئەنجام بدات و دواتر لە دادگا مارەی ببڕێت سزا دەدرێت، بۆیە ناكرێت هیچ جۆرە مارە بڕینێك لە دەرەوەی دادگا تۆمار بكرێت.

ش.ف