سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمانى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند، ژنان بەهۆی گێچەڵی سێکسییەوە ناتوانن لە کەرتەکانی تایبەتدا ڕۆڵی خۆیان ببینن، چونکە بەوهۆیەوە ٦٦٪ی ژنانى هەرێم بەهۆی گێچەڵی سێکسییەوە، لەکەرتی تایبەتدا کارناکەن، دەشڵێت: پێویستیشە بەربەستەکانی بەردەم یەکسانیی جێندەریی کەمبکرێتەوە.
لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا، لە شاری هەولێر ئەنجومەنی باڵای خانمان و دەستەى ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق وۆرکشۆپێکی سێ ڕۆژەیان لەبارەی چۆنێیەتى مامەڵەکردن لەگەڵ گێچەڵی سێکسی لە شوێنی کاردا ئەنجامدا و تێیدا لەبارەى دابیننکردنى ژینگەیەکى ئارام لەکاتى کارکردندا بۆ ژنان لە کەرتى تایبەت بەتایبەتیدا گفتوگۆیان لەبارەوە کرا.
ئەمڕۆش لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا، خانزاد ئەحمەد، سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان ڕایگەیاند: پێویستە ژنان لەکاتی کارکردندا هەست بە ئارامیی جەستەیی و دەرونیی بکەن و دەبێت هاوسەنگیی جێندەریی لە کارکردندا بەتایبەت لە کەرتى تایبەت هەبێت، پێویستیشە بەربەستەکانی بەردەم هاوسەنگیی جێندەریی کەمبکرێتەوە.
لە بەشێکى دیکەى قسەکانیدا خانزاد ئەحمەد وتی: ژنان بەهۆی گێچەڵی سێکسییەوە ناتوانن لە کەرتەکانی تایبەتدا ڕۆڵی خۆیان ببینن، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ دەستەى ڕاوێژکاری یەکێتی ئەوروپا لە عێراق، ئەم وۆرکشۆپەمان ئەنجامدا ئەوەش لەپێناو دەستنیشانکردنی بەربەستەکان و دەرکردنى چەند ڕێنماییەک تاوەکو ژنان لە شوێنى کارەکانیان ڕووبەڕووى گێچەڵى سێکسیى نەبنەوە.
سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان-ى هەرێمى کوردستان ڕاشیگەیاند: ئامانجێکى دیکەى ئەنجامدانى ئەم وۆرکشۆپە بریتیە لە دەرکردنى یاسایەکى تایبەت بە گێچەڵی سێکسی یان دامەزراندنى دەزگایەکى تایبەت بەو کارە لە هەرێمی کوردستان.
خانزاد ئەحمەد وتیشی: دەمانەوێت لەڕێگەى ئەم جۆرە کارانەوە ڕێنمایی تایبەت بە ژنان هەبێت تا لە شوێنی کارەکانیان، ڕووبەروی گێچەڵى سێکسى نەبنەوە و لەو شوێنەى کارى تێدا دەکەن هەست بە ئارامیی بکەن، بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت تاک لەڕێگەى ڕێنمایی تایبتەوە هۆشیار بکرینەوە.
لە کۆتایى قسەکانیدا سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای خانمان-ى هەرێمى کوردستان ڕایگەیاند: بەپێی توێژینەوەیەکی ئەنجومەنەکەمان لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی، دەرکەوت ٦٦٪ی ژنان بەهۆی بوونی گێچەڵی سێکسیەوە لە کەرتی تایبەت کار ناکەن.
ئ.م