پارێزەرێکی مافەکانی ژنان کوژرا

مینە مەنگول، ڕاوێژکاری فەرهەنگیی لە پەرلەمانی ئەفغانستان و پارێزەری مافەکانی ژنان، کوژرا.


مینە مەنگول، پێشکەشکاری پێشووی تەلەفیزیۆنی ئەفغانستان و چالاکی پاراستنی مافەکانی ژنان، کە لەم دواییانەدا بوو بە ڕاوێژکاری فەرهەنگیی پەرلەمانی ئەو وڵاتە بە تەقەی کەسانی نەناسراو کوژراوە.

شایەتحاڵەکان بە میدیاکانی ئەفغانستانیان ڕایانگەیاندووە، کە لەکاتێکدا مینە مەنگول لەنزیک مۆڵێک وەستاوە، لە ناکاو دووکەس بە ماتۆرسکێلێکەوە لێی نزیکبوونەتەوە و دوای تەقاندنی چەند فیشەکێکی هەوایی بۆ دوورخستنەوەی خەڵک، ، دوو گولـلەیان بە سینەی مینە مەنگول-ەوە ناوە.

پێش کوژرانی، مینە مەنگول لە پەڕەی تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی فەیسبووک نووسیبووی:"هەڕەشەی کوشتنم لێکراوە"، بەڵام ئاماژەی بەوە نەکردبوو، کە کێ هەڕەشەی لێ دەکات.

مینە مەنگول، زیاتر لە ١٠ ساڵ پێشکەشکاری تەلەفیزیونەکانی ئەفغانستان بووە و بەڕێوبەری چەندین پەیج بووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و لە بوارەکانی کۆمەڵایەتیی و مافەکانی ژنان بابەتی بڵاوکردووەتەوە.

ش.ف