"پاش چوار ساڵ کچانی ئێزدی هێشتا بێسەروشوێنن"

نەفییە حەسەن، ئەندامی تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی- تاژێ دەڵێت، کە پاش چوار ساڵ لە فەرمانەکەی ٣ی ئابی ٢٠١٤، هێشتا هەزاران کچی ئێزدی بێسەروشوێنن.


بە هێرشی چەتەکانی داعش بۆ سەر شەنگال هەزاران کچ و ژن و منداڵی ئێزدی لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەدیلگیران و پاشان وەک کۆیلە لە بازاڕەکاندا کڕین و فرۆشتنیان پێکرا، ئەندامێکی تاژێ لەبارەی چارەنووسی ئەو ژنانەوە بۆ ڕۆژنیوز دووا.

نەفییە حەسەن دەڵێت: جیهان لەبەرامبەر ڕفاندنی کچان و ژنانی ئێزدیدا بێدەنگە، هیچ مرۆڤێکی بەوژیدان ناتوانێت لەبەرامبەر ڕفاندن و بێسەروشوێن بوونی کچان و ژنانی ئێزدی دا بێدەنگ بمێنێت.

وتیشی: ئەو ژنانەی ڕفێندراون ئێستا لە سوریا و عێراقن و چارەنووسیان نادیارە، بۆچی جیهان لەبەرامبەر ئەو بێدادییەدا بێدەنگە، یان چونکە ئەو ژنانە ئێزدین هەمووان چاویان بەسەردا دادەخەن، هێشتا بەرپرسی ئەو تاوانانە دادگایی نەکراوە.

لەکۆتایی قسەکانیدا وتی: مافی هەمووانە کە لەم جیهانەدا بە ئازادی بژین، ئەوانەی بوون بە هۆکاری ئەو کۆمەڵکوژییە دەبێت سزابدرێن، جارێکی دیکە بانگەوازیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکەین کە پاش چوار ساڵ بێدەنگیی لەبەرامبەر بێشەروشوێن بوونی ئیزدییەکاندا بێدەنگی بشکێنێت.

س.ح