پاژک: بەرخۆدێران تێکۆشانی ئێمەیان لە زیندانەوە گەیاندە چیا

دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان- پاژک، بەبۆنەی ٣٧هەمین ساڵیادی بەرخۆدانی گەورەی ١٤ی تەمووزی زیندانی ئامەد، کە بەشێک لە ڕێبەرانی پەکەکە مانگرتنی تا مردنیان ڕاگەیاند، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند: چالاکانی ١٤ی تەموز تێکۆشانی ئێمەیان بۆ ئازادیی لە زیندانەوە گەیاندە چیا.


دەستەی بەڕێوەبەریی پارتی ئازادیی ژنانی کوردستان- پاژک بەبۆنەی یادی بەرخۆدانی ١٤ی تەموزی ساڵی ١٩٨٢ی زیندانی ئامەد، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەی( پاژک)دا هاتووە، "لە ٣٧هەمین ساڵوەگەڕی بەرخۆدانی مانگرتنی تا مردنی گەورەی ١٤ی تەمووزدا، لە کەسایەتیی کەمال پیر، خەیری دورموش، عەلی چیچەک و عاکف یڵمازدا، سڵاو بۆ شەهیدە نەمرەکانمان دەنێرین و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین، سڵاو لەو چالاکییەیان دەکەین، کە بە بەرخۆدان ڕێگەی سەرکەوتنیان نیشان داین.

 

لەناو هەلومەرجی فاشیزم و کودەتادا خۆبەدەستەوەدان و نۆکەریی دەسەپێندرا، لە دۆخێکدا ناپاکی بەسەر بەهای شۆڕشگێڕیی و تێکۆشاندا دەسەپێندرا، بەرخۆدانی مانگرتنی تا مردن وەڵامێکی گەورەیە، کە بە بڕیارێکی گەورە و بەرپرسیارییەکی مێژوویی سەلمێنرا، چالاکییەکە بە ئیرادەی کەسەکان دەستنیشانکرا و ئاستی ڕاستەقینەی شۆڕشگێڕیی تیادا سەلمێنرا، بەرخۆدانی ١٤ی تەمموز سەرکەوتنی گیانبازییە، سەرکەوتنی دڵسۆزییە بۆ دۆزەکە و سەرکەوتنی ئەو هێڵەیە، کە دەڵێت 'لەسەر گۆڕەکەم بنووسن قەرزارە' بە بەرپرسیارێتیی گەلە، ئاگری نەورۆز لەلایەن مەزلوم دۆغانەوە هەڵگیرسێنرا، بە ئاگری چوار کەسی دیکە گەشایەوە و بە چالاکیی هاوڕێیانمان، کە جەستەی خۆیان برسی کرد، تێکۆشانە مەزنەکەمانیان لە زیندانەوە گەیاندە چیا، بەو بەرخۆدانەی کەمال پیر، محەمەد خەیری دورموش، عاکف یڵماز و عەلی چیچەک، پێشەنگایەتیان کرد، تێکۆشانی ئازادیی گەلی کورد سەرکەوتنی خۆی ڕاگەیاندووە.

تێکۆشانەکەمان کە لە میانەی ٣٧ ساڵدا گەورە بوو، بە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جیهاندا تەشەنەی کرد، بە پێشەنگایەتیی هێڵی بەرخۆدانی (مانگرتنی تا مردن)ی گەورەی ١٤ی تەمموز پێشکەوت، ئەو هێڵەی گیانبازیی، ئەو هێڵەیە، کە لە چیاکانی کوردستان تێکۆشانی گەریلا، شەڕی ئازادیی ژن و هزری نەتەوەی دیموکراتیکی خوڵقاند، هێڵی بەرخۆدان، کە لە ڕێبازی کەمالەکاندا بە لەیلا گوڤەن بەردەوام بوو، لەدژی هەمان کۆماری تورکیای فاشیست، قڕکەر، نکۆڵیکەر و بکوژ بە چالاکیی مانگرتن سەرکەوتنی ئیرادەی ڕاگەیاند، ئەو ئیرادە ئەو ئیرادەیەیە، کە ئازادیی ڕێبەرمان مسۆگەر دەکات، فاشیزم تێکدەشکێنێت و ژیانی ئازاد دەخوڵقێنێت، تێکۆشانی بەرخۆدان، کە مۆری خۆی لە ساڵی ٢٠١٩ دا، سەلماندی ڕۆحی پەکەکە بۆ کوردایەتی و ژیانی ئازاد بەو ئەندازەیە، کە لە پێناویدا خۆی بۆ بەخت دەکات، بە دڵنیاییەوە سەریدەخات.

تێکۆشانانمان بۆ ئازادیی نزیکەی نیو سەدەیە بەردەوامە و لە سەردەمێکی زۆر سەخت دایە، بزووتنەوەکەمان لە ناوەندی شەڕی جیهانیی سێیەمدایە و خاوەن ئەڵتەرناتیڤێکە و لە ئامانجی سیستمی داگیرکەر، قڕکەرەکانی نێودەوڵەتییدایە، لەم قۆناغەدا گەلی کورد بەها، دەرفەت، سیستمی ئازادیی و تێکۆشانی کۆمەڵگەیی خۆی خولقاندووە، هەموو شێوازەکانی هێرشی داگیرکاریی ئەو بکوژانەی، کە لە دەرەوە دێن و کوشتار ئەنجام دەدەن ناچارن تێکبشکێن، ئەو هێڵە بەرخۆدانە، کە بە ڕۆحی ١٤ی تەمموز هاتووەتە گۆڕ، ڕاستیی گەلێکی شۆڕشگێڕ و ملیتانی ئافراندووە، کە دەتوانن لە دژی هەموو هێرش و کۆنسێپتێک بوەستنەوە.

 

سوپای کۆماری تورکیای فاشیست، کە بە داگیرکردنی باشوری کوردستان هێرشی سەر یەکێتی و هەبوونی نەتەوەیی کورد دەکات و شۆڕشگێڕ و پێشەنگ و قارەمانی ئەو گەلە هاوڕێ هەڵمەتی شەهید کرد، ناچاری ئەوە دەکرێت، کە لە چیاکانی باشوری کوردستان تێکبشکێت، پێش هەمووشیان ئێمەی ژنانی کورد لە باشوری کوردستان بانگەواز بۆ ژنانی ئازادیخواز لە چوارپارچەی کوردستان دەکەین، کە تێدەکۆشن بۆ ئەوەی یەکێتیی نەتەوەیی ژنانی کورد بخوڵقێنن، لە دژی هێزە داگیرکەرەکان هەموو شوێنێک بکەنە گۆرەپانی بەرخۆدان، بانگەواز دەکەین بۆ پێکهێنانی پێشەنگایەتیی یەکێتیی نەتەوەیی کورد، بانگەواز بۆ هێزە وڵاتپارێز، شۆڕشگێڕ و دیموکراتیکەکانیش دەکەین، کە لە دژی فاشیزم بە تێکۆشانێکی ڕادیکاڵتر و بە ڕۆحی ١٤ی تەمووز لە هەموو شوێنێک بەرخۆدان بکەن.

گەلەکەمان و ژنانی خاوەن بڕیاری سەرکەوتن لە هێڵی بەرخۆدان و تێکۆشانی ئازادیی دا، دەبێت بە ڕۆحی ١٤ی تەمموزەوە هەستنە سەر پێ، لە باشووری کوردستان لە دژی داگیرکاریی، لە باکوری کوردستان و گشت کوردستان لە دژی قڕکردن و کردەوە پیاوسالارییەکان ڕاپەڕن، کات کاتی ئازادیی ژنە، ئازادیی ژن بە هێڵی بەرخۆدانی ڕۆحی پەکەکە - پاژکەوە خوڵقاوە و بەدی دێت، سڵاو لە شەهیدە مەزنەکانمان دەکەین و سەری ڕێز و نەوازشیان بۆ دادەنەوێنین، ڕایدەگەیەنین بۆ یادکردنەوەیان و بەرز ڕاگرتنی یادیان، بە دڵنیاییەو ئازادیی ڕێبەرمان و شۆڕشی ژن دەخولقێنین".

د.ع