پاکستان، دوو کچ لەلایەن ئەندامێکی خانەوادەکەیانەوە کوژران

کچێکی تەمەن ١٦ ساڵ و کچێکی تەمەن ١٨ ساڵ لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خانەوادەکەیانەوە کوژران.


لە ڕۆژانی ڕابردوو، لە گوندی "شامپلین گژیوم"، لە ناوچەیەکی عەشیرەتیی لە باکوری ڕۆژئاوای پاکستان، دوو کچ لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خانەوادەکەیانەوە کوژران.

پۆلیسی پاکستان ڕایگەیاند: کە تەمەنی یەکێک لە کچەکان ١٦ و تەمەنی ئەوی دیکەیان ١٨ ساڵ بووە، ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممەی ڕابردوو لەلایەن یەکێک لە ئەندامانی خانەوادەکەیانەوە کوژراون.

پۆلیس هەروەها ڕایگەیاند: پێدەچێت ئەو دوو کچە دوابەدوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکیان لەگەڵ کوڕێکدا، کە ساڵێک لەمەوبەر تۆمارکراوە و لەم دواییانەدا بڵاوبووەتەوە کوژرابن، لەو ڤیدیۆیەدا کوڕێک و سێ کچ دەردەکەون، کە لە ئێستادا پاراستنی گیانی کچی سێیەم و کوڕەکە لە ئەولەوییەتی کاری پۆلیس دایە.

جێگای ئاماژەیە، کوشتنی نامووسیی لە کۆمەڵگای پاکستان، دیاردەیەکی بەربڵاوە و بەپێی داب و نەریتی هەڵەی داسەپاو بەسەر کۆمەڵگادا، لە کاتی ئاشکرابوونی پەیوەندیی نێوان کچ و کوڕێک، برای کچەکە هەڵدەستێت بە کوشتنی کچەکە و باوکی کچەکەش وەک خاوەن خوێن لە کوڕەکەی خۆشدەبێت، دیارترین کوشتنی نامووسیی، کوشتنی 'قەندیل بەلوچ' کچێکی ئەستێرەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی پاکستان بوو، کە لەلایەن براکەیەوە کوژرا.

س.ح