پرۆژەى 'ژن ژیانە مەیکوژە' دەچێتە قۆناغی کردارییەوە

لە دوای ڕاگەیاندنی پڕۆژەی'ژن ژیانە مەیکوژە'، لە لایەن گروپێکی بازنەیی باشورى کوردستان و ئەوروپا، ئەو گروپە دەست بە کارەکانیان دەکەن و هەنگاوە سەرەتاییەکان بۆ لای لایەنی پەیوەندیدار هەڵدەگرن.


ڕۆژى ٢٦ى ئەم مانگە، له‌ هۆڵی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد-لقی سلێمانی، له‌لایەن گروپێکی سه‌ربه‌خۆ، کە له‌ باشوری کوردستان وئه‌وروپا کارده‌که‌ن، پڕۆژەى 'ژن ژیانە مەیکوژە' ڕاگەیەندرا و لەمەبەداوا هەنگاوی کرداریی دەنێن.

گروپەکە پێکهاتوون لە ١٠ کەس، بە شێوەی دوو بازنە، بازنەی باشورى کوردستان و ئەوروپا کاردەکەن، بازنەی باشورى کوردستان حەوت ئەندام لە خۆ دەگرێت و بازنەی ئەوروپا سێ ئەندام.

لەمیانى دەستپێکردنى کارەکانیاندا، بۆ سەرخستنى پڕۆژەکەیان، بازنەی باشورى کوردستاندا، سەردانی پەرلەمانى هەرێمى کوردستان و وەزراەتی ئەوقاف و ڕاگەیاندنەکان دەکەن، بۆ تاوتوێ کردنی ئەنجامدانى زنجیرەیەک چالاکیی، کە بەنیازن بۆ بەدیهێنانى ئامانجى پڕۆژەیەکەیان ڕێکیبخەن لە سەرجەم شاروشارۆچکەکانی باشورى کوردستان.

هەروەها، داوا لە وەزارەتی پەروەدەى حکومەتى هەرێمى کوردستان دەکەن،کە دەرفەتیان بۆ بڕەخسێنێت بۆ ئەوەى لە ناو خوێندنگەکاندا سیمینار بۆ کوڕان و کچان ڕێکبخەن.

ئەم گروپە دەیانەوێت، کە ببنە پردێکی پەیوەندی لە نێوان ژنانی قوربانى و دەسەڵاتى دادوەری و هەر لایەنێکی دیکەى پەیوەندیدار بۆ هاوکاریکردنى قوربانییەکان، هاوکات لە بەرنامەیاندایە گروپێک پارێزەری خۆبەخش پێکبهێنن هەتاوەکو بە خۆبەخشانە بەرگریی لەو ژنانە بکەن، کە مەترسیی کوشتنیان لەسەرە.

کارەکانى بازنەی ئەوروپا-ى ئەم گروپە، بریتی دەبێت لە ئەنجامدانى زنجیرە کۆڕ و سیمینار لە ئەوروپا، لەسەر کوشتنى ژنان، بەتایبەت باسکردن دەبێت لەسەر کوشتنى دوو ژن لە تاراوگە بە دەستی هاوسەرەکانیان لە چەند ڕۆژى ڕابردوودا.

ئەم گروپە دەیانەوێت لە چوارچێوەى کارەکانیاندا، کار لەسەر یاسای سزادانی بکوژى ژنان بکەن، دەیانەوێت کار بکەن بۆ ئەوەى وەزارەتى ئەوقاف ڕێنماییەک دەربکات بۆ ڕێگرییکردن لەو زانا ئاینییانەى، کە لە مینبەر و تەلەفزیۆنەکانەوە سوکایەتیی بە ژن دەکەن، وە ڕێگریی بکرێت لە ڕاگەیاندنەکان لە بڵاوکردنەوەی ئەو پرۆگرامانەی کە لە دژی ژنە.

هەروەها، لە بەرنامەی گروپەکەدایە، کە لەگەڵ ئەندام پەرلەمانە نوێیەکانى پەرلەمانى هەرێمى کوردستان، پەیوەندى دروستبکەن بۆ ئەوەى کارى پێکەوەیى و هاوبەش بکەن لەپێناو پاراستنى ژنان لە سوکایەتى و هەڕەشە و کوشتن.

ش.ف