پرۆژەی 'ژن ژیانە مەیکوژە' ڕاگەیەندرا

لە شاری سلێمانی پڕۆژەی 'ژن ژیانە مەیکوژە' ڕاگەیەندرا.


پاش نیوەڕۆی ئه‌مڕۆ، له‌ هۆڵی یه‌کێتی نووسه‌رانی کورد-لقی سلێمانی، له‌لایەن گروپێکی سه‌ربه‌خۆ کە به‌شێوه‌یه‌کی بازنه‌یی(کاری گروپیی بێ ئەوەی سەرۆک و بەڕێوبەریان هەبێت) له‌ باشوری کوردستان و ئه‌وروپا کارده‌که‌ن، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا پرۆژەیەی 'ژن ژیانە مەیکوژە' ڕاگەیاند.

لەم پرۆژەیەدا کۆمەڵێک لە ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و ئەندامانی ڕێکخراوەکانی ژنان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەشداریان کردووە.

ئامانجی پرۆژەکە به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی ژنکوژیی و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ ڕێگەگرتن له‌و هۆکارانه‌یە، کە ده‌بنه هۆی ئه‌نجامدانی ئه‌و تاوانه.

لە ڕەشنووسی پرۆژەکەدا، کە لەلایەن تارا حسێن، ئەندامی گروپەکەوە خوێندرایەوە، سەرجەم ئەو کارانە خرانەڕوو، کە کاری لەسەر دەکەن بۆ نەهێشتنی ژنکوژی لە کوردستان.

بەگوێرەی ڕەشنووسی پرۆژەکە، پێویستە یاسای سزادانی بکوژ زیاتر کاری لەسەر بکرێت، و لێبوردنی گشتیی ئەو کەسانە نەگرێتەوە کە هاوکار و هاندەرن لە ژن کوژیی، هەروەها ئەو یاسایەش لاببرێت، کە بە سوڵحی عەشایەریی بکوژانی ژن ئازاد بکرێت، هەروەها، لە دەستووری داهاتووی حکومەتی هەرێمدا یاسایەک هەبێت بۆ قەدەغەکردنی ژن کوشتن.

لە خاڵێکی دیکەی ڕەشنووسەکەدا هاتووە، کە دەبێت شەڵتەری زیاتر بکرێتەوە بۆ ژنان بەمەبەستی پاراستنی ژنان، ئاماژە بەوەش دراوە، کە مەلاکان و پیاوانی ئاینی کاریگەریی خراپیان هەیە لەسەر پیاوان بۆ ئەوەی توندوتیژیی بنوێنن، بۆیە پێویستە حکومەتی هەرێم فشار بخاتە سەر وەزارەتی ئەوقاف و سزای ئەو کەناڵە ئاینییانە بدات، کە خەریکی هاندانی توندوتیژیی و سوکایەتی کردنن بە ژنان.

باس لەوەش کراوە، کە گرنگە گۆڕانکاریی لە سیستەمی پەروەردە ئەنجام بدرێت بەشێوەیەک ڕۆشنبیریی لە خوێندن و پەروەردەدا جێبەجێبکرێت کە ژنان مافیان هەیە و نابێت بکوژرێن، هەروەها میدیاکان بەرنامەی تایبەت بڵاوبکەنەوە هانی خەڵک بدات کە ژنکوشتن و سوکایەتی بە ژن ڕاگرن.

هەر لە ڕەشنووسی ئەم پرۆژەیەدا هاتبوو: پێویستە ڕێکخراوەکانی ژنان و کۆمەڵەی مەدەنی کاری مەیدانیی بکەن بۆ وەستانی ژنکوژی، هەروەها حکومەتی هەرێم بودجەی تایبەت دابنێت بۆ لەناوبردنی توندوتیژیی دژی ژنان و دابینکردنی هۆڵ و تێچووی سیمینار و بڵاوکراوە و کۆڕ کۆنفرانسی ژنان لەسەر ڕووبەڕووبوونەوەی توندوتیژیی و کوشتنی ژنان.

ئەم پرۆژەیە ئەمڕۆ لە سلێمانی و لە داهاتوودا لە شارەکانی دیکەی باشوری کوردستان ڕادەگەیەنرێت، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە نەکرا، کە پرۆژەکەیان پێشکەش بە کێ دەکەن و چۆن کاری لەسەر دەکەن.

ش.ف