پۆلیسی دهۆک زانیاریی لەسەر چۆنیەتی کوشتنی دلین ئاشکرا دەکات

پۆلیسی دهۆک، ڕایدەگەیەنێت، کە بکوژی دلین وەلید هاوڕێی باوکی دلین بووە و هەوڵیداوە دەستدرێژیی بکاتەسەر، دوای ئەوەی دلین هاواری کردووە و ڕێگای پێنەداوە، بە دار کوشتوویەتی.


ئەمڕۆ کاتژمێر ١٠:١٠ خولەک، لیوا تارق ئەحمەد، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسییدا زانیاریی لەسەر بکوژی دلین وەلید، منداڵە ١٠ ساڵەکەی دهۆک بڵاوکردەوە، کە دوای سێ ڕۆژ لە دیارنەمانی دوێنێ تەرمەکەی دۆزرایەوە و بکوژەکەش دوای دەستگیرکرنی، دانی بە تاوانەکەیدا نا.

تارق ئەحمەد، بەم جۆرە ڕووداوەکەی گێڕایەوە"ڕۆژی ٥/٦/٢٠١٩ کاتژمێر ٠٦:٠٠ تاوانبارەکە لە گەڕەکی زۆزان دلین-ی بینیووە و چووە بۆ لای و قسەی لەگەڵ کردووە و داوای لێکردووە لەگەڵی بڕوات، بەهۆی ئەوەی هاوڕێی باوکی بووە و بە مامە ناوی بردووە، دلین ڕازیی بووە، تاوانبارەکەش منداڵەکەی بردووە بۆ چەمێک لە گەڕەکی خەبات و هەوڵیداوە دەستدرێژیی بکاتەسەر، بەڵام دلین ڕێگای پێنەداوە و هاواری کردووە، تاوانبارەکەش دارێکی شکاندووە و لە ملی دلینی داوە و کوشتوویەتی".

تارق ئەحمەد، ڕایگەیاند، کە بەهۆی ئەوەی تەرمەکەی ماوەی سێ ڕۆژ لەبەر هەتاو ماوەتەوە، تا ئێستا ڕاپۆرتی پزیشکیی تەواونەبووە، بەڵام پزیشکەکان دڵنییان داوە، کە بە چەقۆ نەکوژراوە.

سەبارەت بە ڕاپۆرتی پزیشکیش بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەوەی، کە دەستدرێژیی جنسی نەکراوەتە سەر، بەڕێوبەری پۆلیسی پارێزگای دهۆک وتی: ڕاپۆرت تەواو نەبووە، بەڵام بە وتەی تاوانبارەکە دلین هاواری کردووە و ڕێگای نەداوە دەستدرێژیی بکاتە سەر.

تارق ئەحمەد، ئاشکراشی کرد، کە بکوژەکە لە خەڵکی دهۆکە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٢-یە، ساڵی ٢٠٠٥ –یش بەهۆی ئەوەی هەوڵی کوشتنێکی دیکەی داوە، زیندانیی کراوە.

باسی لەوەش کرد، کە برای تاوانبارەکەش دەستگیرکراوە، چونکە تۆمەتبارە بە شاردنەوەی ڕووداوەکە و بکوژەکە بە براکەی خۆی وتووە من دلین-م کوشتووە.

سەبارەت بە سزای بکوژەکەش، بەڕێوبەری پۆلیسی دهۆک وتی: بکوژەکە زیندانییە و دادگایی دەکرێت، بەڵام بە دڵناییەوە سزای لەسێدارەدانە و ئێمەش وەک لایەنی ئەمنیی داوادەکەین، ئەو سزایەی لەسەر جێبەجێ بکرێت.

ش.ف