پۆلیسی دهۆک: ژنێک خۆی خنکاند

پۆلیسی بەرگری شارستانیی دهۆک ڕایگەیاند، ژنێکی تەمەن ٣١ ساڵ لە بەنداوی دهۆک خۆی خنکاندووە.


بەگوێرەی لێدوانی عەدنان زێباری، وتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک، ئێوارەی ئەمڕۆ ژنێک خۆیی هەڵداوەتە ناو ئاوی بەنداوی دهۆکەوە خۆی خنکاندووە.

ناوبراو، ئەوەشی خستەڕوو: ژنەکە تەمەنی ٣١ ساڵ بووە و تەرمەکەی لە ئاوی بەنداوەکە دەرهێنراوەتەوە و ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی دهۆک کراوە.

بەوتەی وتەبێژی بەرگری شارستانیی دهۆک، تا ئێستا هۆکاری خۆخنکاندنی ئەو ژنە دیارنییە.

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ٢٠٤ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، کە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆریستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

ب.ل