پۆلیسی سلێمانی: كچێكی ١٣ ساڵ خۆی خنکاند

پۆلیسی سلێمانی ڕایگەیاند: کچێکی تەمەن ١٣ ساڵ لەماڵی خۆیاندا لە شاری سلێمانی خۆی خنکاند.


بەپێی راگەیەندراوی پۆلیس، پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ كچێكی تەمەن ١٣ ساڵ لەماڵی خۆیان لە گەڕەكی ئابڵاخ لە شاری سلێمانی خۆی خنكاندووەو كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

دوای گەیشتنی هێزەكانی پۆلیس و تیمەكانی بەشی پۆلیسی بەڵگەوتاوان، كەشف و هێڵكاری شوێنی ڕوداوەكە كراو تەرمەكەی ڕەوانەی پزیشكی دادوەری لەشاری سلێمانی كرا.

كچەكە ناوی 'ن ، أ ، ج' لەدایكبووی ٢٠٠٥-ە، دانیشتوی گەڕەكی ئابڵاخە لەشاری سلێمانی و بە نەتەوە عەرەبە و بەپێی زانیارییەكانی پۆلیسی سلێمانی، "بە پەت خۆی خنكاندووە".

لە ئێستاشدا لەلایەن بنكەی پۆلیسی ڕزگارییەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوە بۆ ڕووداوەكە كراوەتەوە.

بەپێی ئامارێك، كە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەكان لای خۆی تۆماریكردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٩٥ كەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری كوردستان كوژراون یان خۆیان كوشتووە، كە زۆربەیان ژنن، ئەمە بێجگە لەو كوشتنانەی، كە بەهۆی كردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی كە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

هەروەها، بەپێی ئاماری بەڕێوبەرایەتیی بەرنگاربوونەوەی توندوتیژیی دژی ئافرەتان، لە ماوەی پێنج مانگی یەكەمی ئەمساڵ-دا ٢٢ ژن لە هەرێمی كوردستان كوژراون و ٣٢ ژنی دیكەش خۆیان كوشتووە.

بەهۆی ئەوەی بەڕێوبەرایەتییەكە تەنیا ئەو حاڵەتانە تۆمار دەكات، كە لەڕێگەی نووسینگەكانیانەوە دەگەنە دەستیان، ئەو ئامارانەی بڵاویدەكەنەوە كەمترە لە ڕاستیی حاڵەتەكان.

س.ح