پۆلیسی ڕاپەڕین: ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵ خۆی سووتاند

بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین ڕایدەگەیەنێت، ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵ خۆی سووتاند و ڕێژەی سوتاوییەکەشی ٦٠% بووە.


کەمێک پێش ئێستا، بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند، خۆسووتاندنی ژنێکی تەمەن ٦٨ ساڵی لە شارۆچکەی قەڵادزێ-ی سەر بە ئیدارەی ڕاپەڕین ڕاگەیاند.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکەی پۆلیسی ڕاپەڕین:"بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر ٧:٠٠، ژنێک بەناوی (ئـ .ح.ح) لەدایکبووی ١٩٥٠، دانیشتووی گەڕەکی ئاشتیی شارۆچکەی قەڵادزێ لە ماڵەکەی خۆیدا بە نەوت خۆی سووتاندووە".

ئەوەش خراوەتەڕوو: بەگوێرەی ڕاپۆرتی پزیشکیی، ڕێژەی سووتاویی ئەو ژنە ٦٠% بووە و بەهۆی سەختیی برینەکەشییەوە، ڕەوانەی سلێمانی کراوە".

پۆلیسی ڕاپەڕین، ڕاشیگەیاندووە:"بە وتەی کەسوکارەکەی، ئەو ژنە باری دەروونیی ناجێگیربووە و بەو هۆیەشەوە نەوتی کردووە بە جەستەی خۆیدا و ئاگری لەخۆی بەرداوە، پەڕاوی لێکۆڵینەوە بۆ ڕووداوەکە کراوەتەوەو لێکۆڵینەوەش بەردەوامە".

بەپێی ئامارێک، کە ڕۆژنیوز ڕۆژانە لەگەڵ ڕووداوەکان لای خۆی تۆماریکردووە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە هەتا ئەمڕۆ، ١٨٨ کەس لە هەردوو ڕەگەز لە باشوری کوردستان کوژراون یان خۆیان کوشتووە، ئەمە بێجگە لەو کوشتنانەی، کە بەهۆی کردەوەی تیرۆرستییەوە ڕوودەدەن و ئەوانەی کە بە ڕۆژنیوز نەگەیشتوون.

بەپێی ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان، لە ماوەی ٦ مانگی ئەمساڵدا لە هەرێمی کوردستان ١٨٠ کەس کوژراون یاخود خۆیان کوشتووە، ئەمە جگە لەو کوشتن و خۆکوشتنانەی کە دەکەوێتە ناوچە دابڕێندراوەکانەوە.

بەهۆی ئەوەی، ئەوەی لە ساڵیکدا تەنیا دوو جار دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان ئاماری کوشتن و خۆکوشتن بڵاودەکاتەوە، ڕۆژنیوز هەوڵ دەدات بەپێی ئەو هەواڵانەی ڕۆژانە بەدەستی دەگات، ئامارەکان لای خۆی کۆبکاتەوە، بەڵام مەرج نییە لەگەڵ ئاماری دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ کت و مت وەک یەک بن.

ب.ل