پیاوێک دوای دەستدرێژییکردنە سەر ژنێک دەستگیر کرا

لە شاری سلێمانی تۆمەتبارێک دەستگیرکرا، کە دەستدرێژیی جنسیی کردووەتە سەر ژنێک و بە ڤیدیۆش تۆماری کردووە، لە بەرامبەر بڵاونەکردنەوەی ڤیدیۆکەشدا پارەی لە ژنەکە وەرگرتووە.


بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، شەوی ڕابردوو، هێزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرچنار تۆمەتبارێكیان دەستگیركردووە، كە دەستدرێژیی جنسیی كردبووە سەر ژنێک و تۆماری ڤیدیۆیی کردبوو.

ئەمەش دوای ئەوە هاتووە، کە رۆژی ٢٥/١٠/٢٠١٨، ژنەکە، کە ناوی (ن) و تەمەنی ٣٢ ساڵە، سەردانی بنكەی پۆلیسی سەرچناری كردووە و سكاڵای لەدژی تۆمەتبار (ش،ئـ،ع ) تۆمارکردووە.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، (ن)، کە هاوسەرگیریی نەکردووە، لە سکاڵاکەیدا باسی لەوە کردووە، کە (ش،ئـ)، بەبیانووی خۆشەویستیی دەستدرێژیی کردووەتە سەری و بە ڤیدیۆ تۆماری کردووە، دواتر دواتر هەڕەشەی بڵاوكردنەوەی تۆمارەكەی كردووە، هەروەها سێ هەزار و ٨٠٠ دۆلاری لێوەرگرتووە، داوای پارەی زیاتریشی کردووە.

لە ئێستادا تۆمەتبار بەفەرمانی دادوەر و بەپێی ماددەی ٣٩٣ لەیاسای سزادانی عێراقیی ڕاگیراوە و لە لایەن بنكەی پۆلیسی سەرچنارەوە پەڕاوی لێكۆڵینەوەی بۆ کراوەتەوە.

جێگای ئاماژەیە، دوینێش دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرایکرد، کە سێ ژنە کرێکاری بەڕەگەز ڤێتنامیی، لە شوێنی کارکردنیان لە شاری سلێمانی لەلایەن کەسێکەوە بەند کراون و هەوڵی داوە کاری نەشیاویان پی بکات، بەڵام ژنەکان ڕەتیان کردووەتەوە، دوای ئەوەی بە نهێنی دەستەی مافی مرۆڤ ئاگادارکراوەتەوە، لە ڕۆژی ٢٥/ئەم مانگە تۆماەتبارەکە دەستگیرکراوە و ژنەکان ڕزگار کراون.

ش.ف