پیاوێک دوای کوشتنی هاوسەرەکەی و دایکی، خۆشی کوشت

لە گەڕەکی تاڤگەی شاری سلێمانی پیاوێک هاوسەرەکەی و دایکی هاوسەرەکەی کوشت و دواتریش خۆی کوشت.


سەرکەوت ئەحمەد، وتەبێژی بەڕێوبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی هەواڵەکەی بۆ ڕۆژنیوز پشتڕاست کردەوە و ڕایگەیاند، کە ڕووداوەکە کاتژمێر ٢:٠٠ی پاش نیوەڕۆ ڕوویداوە و دوای گەیشتی تیمەکانی پۆلیس بۆ شوێنی ڕووداوەکە، هەرسێ تەرمەکە ڕەوانەی پزیشکی دادوەریی کرا بۆ پشکینن، تا ئێستاش کەسوکاری کوژراوەکان نەهاتوون بەلای تەرمەکاندا.

بە وتەی سەرکەوت ئەحمەد، ئەو پیاوە کێشەی لەگەڵ هاوسەرەکەی هەبووە و هاوسەرکەی لە ماڵی دایکی بووە، بۆیە چووەتە ماڵی ئەوان هەردووکیانی کوشتووە، دواتریش خۆی کوشتووە.

وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی زانیاریی زیاتری ئاشکرا نەکرد و ڕایگەیاند، کە ئێستا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن.

 ش.ف